پەرلەمانتارێک: پێشمەرگە پارێزەری خەڵکە و پێویستە بگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکان

پەرلەمانتارێک: پێشمەرگە پارێزەری خەڵکە و پێویستە بگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکان
پەرلەمانتارێکی تورکمان، لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، کە پرسی بەھەرێمکردنی کەرکووک سەر ناگرێت.



محەمەد سەعدەدین، پەرلەمانتاری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: "پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، لە بەر ئەوەی ماوەی سێ ساڵ زیاتر بوو کە ھێزەکانی پێشمەرگە کەرکووک و کەرکووکییەکانی بەبێ جیاوازی دەپاراست".



ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو،کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کۆمەڵە گرووپێکی چەکداری تائیفین، ئێستا کە ھاتونەتە ناو کەرکووکەوە ناتوانن ژیانی ھاووڵاتییان بپارێزن، بەڵکو کردەوەی توندوتیژی دژ بە ھاووڵاتییان ئەنجام دەدەن، دەشڵێت: "پێویستە ئەو چەکدارانەوە دەربکرێن و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە لە مانگی حوزەیرانی 2014 بۆی چوون".



ئاشکراشی کرد: "بەشێک لە حزبە تورکمانییەکانی کەرکووک، نوێنەرایەتی تورکمان ناکەن و بۆ ئەجێندای دەرەکی کار دەکەن، ئێستاش ھەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ بەھەرێمکردنی کەرکووک کە ئەو ھەوڵەشیان سەرناگرێت".



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەچاو ساخیی گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بە سەرپەرشتی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک، ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتیی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
bas news-
Top