فەرەنسا ژمارەیەک سکۆلەرشیپ پێشکەش بە قوتابیانی کوردستان دەکات

 فەرەنسا ژمارەیەک سکۆلەرشیپ پێشکەش بە قوتابیانی کوردستان دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، خوازیارانی خوێندنی باڵا لە کوردستان ئاگادار دەکات، کە بەشی ھاوکاری و کەلتووری لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق ژمارەیەک کورسی خوێندنی ماستەر پێشکەش بە قوتابیانی ھەرێمی کوردستان کردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە 13/11/2017، لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە وێنەیەکی خوازیارانی خوێندنی باڵا لە کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، کە بەشی ھاوکاری و کەلتووری، لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە عێراق، ژمارەیەک کورسی خوێندنی ماستەر لە بوارەکانی (پەیوەندییە نێودەولەتییەکان، یاسا و زانستە رامیارییەکان) پێشکەش بە خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان کردووە؟


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە راگەیاندراوەکەیدا، ئەوەشی روون کردووەتەوە کە ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە و خوازیاری بەدەستھێنانی کورسییەکانی ئەو سکۆلەرشیپەن، ناوی خۆیان تۆمار بکەن.


وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە دەبێ خوازیار دەرچووی ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) بێت، یان ئەمساڵ خوێندکاری قۆناغی چوارەم بێت، کرێی بەشداریکردن بۆ کۆرسی زمان بریتییە لە 180 ھەزار دینار، کە دەکەوێتە سەر ئەستۆی خودی کاندیدەکە، لەم ئیمەیلەدا ناوی خۆی تۆمار بکات (cours@institutfrancais-erbil.com)، ھەر خوازیارێک کە کاندید کرا، لە ڕێککەوتی ١٢/11/2018 کۆرسی زمانی فەرەنسی لە ناوەندی کەلتووری لە کونسوڵگەری گشتیی فەرەنسا لە ھەولێر دەخوێنێت.



جەخت لەوەش کراوەتەوە، کە باشترین کاندیدەکانی کۆرسی زمانی یەکەم، بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێک بۆ بەدەستھێنانی ئاستی(B1) زمانی فەرەنسی لە وڵاتی فەرەنسا دەخوێنن، دواتر بۆ خۆئامادەکردن بەدەستھێنانی ئاستی (B2) لە زمانی فەرەنسی بۆ ئەوەی بۆ پێشکەشکردن بۆ سکۆلەرشیپی ساڵی ئامادە (٢٠١٩) بێت، ھەروەھا لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ەوە لەسەر بنەمای ئاستی زمان و کۆنمرەی زانکۆ، بەشی ھاوکاری و کەلتووری لە بالێۆزخانەی فەرەنسا کاندیدەکانی سکۆلەرشیپەکە دەستنیشان دەکات.



وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەش داوە، بۆ بەدەستھێنانی زانیاری وردەکاری زیاتر و خۆتۆمارکردن لە کۆرسی زمان، دەکرێت لە ئێستاوە خوازیاران پەیوەندی بە ناوەندی کەلتووری کونسوڵگەری گشتی فەرەنسا لە ھەولێر بەم ناونیشانە بکەن.
bas news-
Top