مەسروور بارزانی: هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبووڵ ناکات
ئەمڕۆ (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (رامۆن کاساس) باڵیۆزی یەکێتیی ئەووروپا لە بەغدا کرد.
لەم دیدارەدا دواڕەوشی ناوچەکە و پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی یەکێتی ئەورووپای بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنی دیالۆگێکی راستەوخۆ هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر گرژیەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان پێ بهێنرێت.
لە پێوەندی بە پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی و لە بنەڕەتدا چارە بکرێن بۆ ئەوەی هەمیشە لە بازنەی ئەو نادادپەروەریە مێژووییانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا دەکرێت نەسووڕێینەوە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئامادەیی هەرێمی بۆ چارەسەریی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دووپات کردەوە و لە هەمانکاتیشدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبوڵ ناکات و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی لەمپەرەکانی بەردەم گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لابدرێن و بەر لە گرژییی زیاتر لە دەڤەرەکەدا بگیرێت.
kdp-
