شارەزایەکی یاسایی: بەغدا بەبێ ئەنجامدانی سەرژمێری ناتوانێت بەشە بوودجەی ھەرێم کەم بکاتەوە

 شارەزایەکی یاسایی: بەغدا بەبێ ئەنجامدانی سەرژمێری ناتوانێت بەشە بوودجەی ھەرێم کەم بکاتەوە
شارەزایەکی یاسایی دەڵێت، بە پێی یاسا بەغدا ناتوانێت بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە، تا ئەوکاتەی سەرژمێری ئەنجام دەدرێت.


ئێستا غروورێکی پێوە دیارە و دەیەوێت ھەرێم لاواز بکات، لەمەش سەرکەوتوو نابێت، چونکە حکوومەتەکانی پێش ئەوانیش خۆیان تاقی کردووەتەوە، سەرکەوتوو نەبوونە.
بەغدا بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی لە ١٧% بۆ ١٢.٦٧% کەم کردووەتەوە بەبێ ئەوەی پرس بە ھەرێمی کوردستان بکات، لەکاتێکدا ڕێککەوتن کراوە تا سەرژمێریی گشتی ئەنجام دەدرێت بەشە بوودجەی ھەرێم ١٧% دەبێت. شارەزای یاسایی، (د. ئەحمەد وەرتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو گۆڕانکارییانەی بەغدا کردوونی، تاکلایەنە کردوونی، بەبێ گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە کاتی خۆی ڕێککەوتنێک کراوە، تاوەکو سەرژمێری دەکرێت بەشە بوودجەی ھەرێم بە ١٧% خەمڵێندراوە و ساڵانە بەو شێوەیە دراوە، ئەمساڵ حکوومەتی عێراق بە قۆستنەوەی دۆخی ئەم دواییە وا ھەست دەکات، ھەڵوێستی ھەرێم لاوازە، بۆیە پشکی ھەرێمی بۆ ١٢.٦٧% کەم کردووەتەوە، ئەمەش کە کراوە حکوومەتی عێراق بۆی نییە، بەشە بوودجەی ھەرێم کەم بکاتەوە، بەبێ ئەوەی سەرژمێری بکات و نازانرێت ژمارەی دانیشتووان چەندە، بۆیە ئەمەی عێراق کردوویەتی نایاساییە.''

(د. ئەحمەد وەرتی) گوتی: ''حکوومەتی عێراق لەخۆیەوە بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی کەم کردووەتەوە کە نایاساییە، چونکە نازانێت ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم چەندە و ئەو بڕیارەی داوە.''

لەبارەی ھۆکاری ئەوەی بەغدا ئەو ھەنگاوەی ناوە، (وەرتی) گوتی: ''بەغدا و بەتایبەت سەرۆکوەزیران غروورێکی پێوە دیارە و ئێستا وا ھەست دەکات سەرکەوتووە، بۆیە ئەو ھەنگاوەی ناوە و بەدەرفەتی دەزانن بوونی خۆیان بسەلمێنن بە شێوەی سەربازی و گەمارۆی ھەرێم لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە لاواز بکەن و ھەرێم لاواز بێت، بەڵام ئەوان بەم جۆرە عەقڵییەتە ھیچ کاتێک سەرکەوتوو نابن، لەبەر ئەوەی ئەزموونی عێراق ئەوەی سەلماندووە، سەرکەوتووش نەبوونە و حکومەتی لە ئەوان بەھێزتریش خۆی تاقی کردووەتەوە نەیتوانیوە، سەرکەوتن تۆمار بکات.''

سەبارەت بە ناوخۆی ھەرێمیش، (وەرتی) باسی لەوە کرد: ''پێویستە ئێمە لە نێوخۆماندا یەکھەڵوێست و یەکگرتوو بین، چونکە ئەگەر ئێمە یەکگرتوو نەبین لایەنە عێراقی و دەرەکییەکانیش مەرجەکانی خۆیان بەسەر ئێمەدا دەسەپێنن.''
kdp-
Top