پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: ڕاگەیاندنی گۆڕان لەبەرژەوەندیی گرووپێکی نێو یەکێتی کار دەکات
عەبدولڕەحمان حوسێن، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان و ھەڵسووڕاوی ئەو بزووتنەوەیە، ڕایگەیاند: "کێشە لەناو گۆڕاندا هەیە و خانەی ڕاپەڕاندن کراونەتە ئامانج و ڕاگەیاندنی گۆڕانیش گومانی لەسەرە، چونکە لە بەرژەوەندیی گرووپێکی یەکێتی کار دەکات، بۆیە کێشەی ئەوان لە یەکێتی گەورەترە، ئەوان لە پێکھاتەی خوارەوە گرفتیان ھەیە و زۆریان پێ ناخۆشە گۆڕان وەک حزبێکی تەقلیدی ماوەتەوە و گەنجە تازەکانی گۆڕان پێیان وایە ڕووداوەکانی ناو گۆڕان ئاراستە کراون".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی نەشاردەوە کە پێیانوایە، بەشێکی زۆری گرفتی نێو بزووتنەوەکە بەهۆی ڕێککەوتنەکەیانە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە ”تا ئێستا میکانیزمی جێبەجێکردنی دیار نییە و جێبەجیش ناکرێت، چونکە لەناو یەکێتی ئاراستەیەک ھەیە کە گۆڕان ڕاستەوخۆ ڕادەستی یەکێتی بکرێتەوە، لە بەرامبەریشدا خەڵکانێک لەنێو گۆڕاندا نایانەوێ لە یەکێتی نزیک ببنەوە“.
دووپاتیشی کردەوە: ”ئێستا گرفتەکانی گۆڕان لە لێواری تەقینەوە دان و ھەڵسووڕاوان ناتوانن وەڵامی خەڵک بدەنەوە، ڕەنگە دۆخی گۆڕان لە دۆخی یەکێتی باشتر نەبێت".
لەلایەن خۆیەوە مەحموود حاجی عومەر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لێدوانێکیدا هیوای خواست، دۆخی خانەی ڕاپەراندن و جڤاتەکان ”نەگاتە ئاستی شکاندنی یەکتری“.
باسنیوز
