نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا بنەمای دیالۆگ دووپات دەکەنەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13/11/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ لە ڕامۆن بلیکوا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و کلاریس پاستوری، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە ھەولێر کۆبوویەوە و لە دیدارەکەدا بلیکوا، خۆشحاڵیی خۆی بە دووەم سەردانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و سەرەخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ گیانلەدەستدانی ئەو ھاووڵاتییانەی بەھۆی بوومەلەرزەی شەوی ڕابردووەوە گیانیان لەدەست داوە و ئامادەییی یەکێتیی ئەورووپای بۆ ھەر ھاوکارییەک لەمبارەیەوە نیشان دا.
ھاوکات ھەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵی خۆیان لە زەمینەسازی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جدی لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان ببینن.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، خۆشحاڵیی خۆیشیان بۆ ئارامیی ھێڵی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەربڕی، بارودۆخی ئێستایان بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆ بە گونجاو زانی.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ھەڵوێستی باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپای لە عیراق کرد، نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەربڕی کە تیایدا پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کراوە، بە پێویستیشی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاریی خەڵکی کوردستان بێت، تا لەمەودوا ستەمی لێ نەکرێ و ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک بەمەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان نیشان دا.
تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەندیدارە بە بارودۆخی ناوچەکەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
