نووسەرێکی ناوداری عێراقی: کوردستان لە سەربەخۆیی نزیکتر بووەتەوە
عەدنان حوسێن، نووسەری عێراقی، لە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) وتارێکی بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، ئەو کاردانەوانەی حکوومەتی عێراق، کە بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نواندی، ”بە باشی بیریان لێ نەکرابووەوە و بە زیانی بەغدا تەواو دەبن“.
عەدنان حوسێن نموونەیەکی دوورکەوتنەوەی گەلی کوردستان لە عێراق باس دەکات و رایدەگەیەنێت، کە بە بەراورد بە ساڵانی پێش راپەڕینی بەهاری 1991، بە دەگمەن کەسێک لە کوردستان دەبینرێ، کە عەرەبی بزانێ و حەز بکا سەردانی بەغدا یان بەسرە بکات.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیا عێراقییەکان، داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان، سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی بەغدا دژی هەولێر، ”سزادانی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان“ـە و دەبنە هۆی دروستبوونی رەوتێکی توندی نەتەوەیی کوردی لە کوردستان، کە هیچ سەرکردەیەکی کوردیش توانای رێگری لێکردن و بچووککردنەوەی نابێت.
عەدنان حوسێن هەروەها رایگەیاندووە، لە دژی کوردستان، نەتەوەییەکانی عەرەبی عێراقی، شیعە و سوونەمەزهەبەکان یەکیان گرتووە و هانی شەقامی عێراقی دەدەن بۆ دژایەتیکردنی کوردستان و چاندنی تۆوی رق لە ناخیاندا، کە ئەمەش کاردانەوەی توندی نەتەوەیی کوردی لێ دروست دەبێت و هەولێر زیاتر لە بەغدا دوور دەخاتەوە.
ئەو نووسەرە پێی وایە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی و بەرپرسەکای دیکەی عێراق سیاسەتمەداری زیرەک و سەرکەوتوو و پیاوی دەوڵەت نەبوون، چونکە ”پیاوی دەوڵەت بە دوای گوتاری جەماوەر ناکەوێت، جەماوەر ئاراستە دەکات“.
عەدنان حوسێن ئاماژەی بە شکستی لایەنە عێراقییەکانیش کردووە، کە هەوڵیان داوە گەلی کوردستان هەڵبخەڵەتێنن، بەوەی بەغدا لەسەر هەقە و پێویستە کوردەکان بگەڕێنەوە بەغدا نەک لێی دوور بکەونەوە ”تەنیا چەند هەزار کوردێکی هەڵخەڵەتاند“ و رایگەیاندووە، ”بە سزادانی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان، کوردەکانمان لە بەغدا دوور خستەوە و لە سەربەخۆیی نزیکمان کردنەوە“.
باسنيوز
