خەسرۆ گۆران: پارتی ھیچ بڕیارێکی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق نەداوە

 خەسرۆ گۆران: پارتی ھیچ بڕیارێکی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق نەداوە
لێپرسراوی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات، ھیشتا کات ماوە بۆ ئەوەی پارتی بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات.

خەسرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، ڕایگەیاند: ”ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی عێراق دەکرێت و بڕیارەکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و حکوومەتی عێراق داویانە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، پارتی یەکەمین قەوارەی کوردستانییە کە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە و لە ڕووی ڕێوشوێنی یاساییەوە هیچ گرفتێکیان نییە و ڕەزامەندیش لەسەر داواکارییەکەیان دراوە. گوتیشی: ”با بزانین دۆخەکە چی لێدێت لەنێوان ھەولێر و بەغدا، چونکە ئەوە چەندین مانگە دۆخەکە ئاڵۆز بووە، ئەگەر پەیوەندییەکان نۆرماڵ ببێتەوە و دۆخەکە باشتر بڕوات، ئەو کاتە پارتی بڕیاری خۆی دەدات بەشداری بکات یان نا، بەڵام ھێشتا کات ماوە و پارتی چاوەڕێ دەکات".

ئەوەشی نەشاردەوە کە هەست بە بوونی نەرمی لە لایەنی عێراق دەکات و ڕای گەیاند: ”لە ڕەفتارەکانی بەغداوە دیارە کە نەرمییەک هەیە، بەڵام نازاندرێت کەی گفتوگۆکان دەست پێ دەکەنەوە“.










باسنيوز
Top