لە سنووری دوبزیش بەعەرەبكردن دەستی پێ كرد

 	 لە سنووری دوبزیش بەعەرەبكردن دەستی پێ كرد
بەڕێوەبەری ئاساییشی دوبز ڕایدەگەیەنێت، لە درێژەی پرۆسەی بەعەرەبكردنی پارێزگای كەركووك، لە شارۆچكەی دوبزیش بەعەرەبكردن دەستی پێ كردووە و، خەڵكێكی زۆری عەرەب ھێندراونەتە شوێنی ماڵە كوردەكان و داگیریان كردوون.

ڕائید (عەلی محەمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ سنووری پارێزگای كەركووك، بەعەرەبكردن بە شێوەیەكی گشتی دەستی پێ كرد و، لە سنووری شارۆچكەی دوبزیش ئەو عەرەبانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ھاتبوونە سنوورەكە و دوای ٢٠٠٣ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان، ئێستا جارێكی دیكە ئەو خەڵكە عەرەبە دەگەڕێنەوە بۆ دوبز و گوندەكانی دەوروبەری.''

ڕائید (عەلی) گوتی: ''ئەو خەڵكە عەرەبە كە دەگەڕێنەوە، بەشێكی دەچنە ماڵە كوردەكان، كە ئاوارە بوونە و داگیری دەكەن و بەشێكیشی دەچنە گوندەكانی دەوروبەری دوبز، بۆیە ھاتنیان بەردەوامە و خەڵكێكی زۆر ڕووی لە ناوچەكە كردووە.''

بەڕێوەبەری ئاساییشی دوبز ڕایشیگەیاند: ''حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ھەموو ماڵەكانی ئێمە و بارەگاكاندا گرتووە و ئێستا ماڵەكەی من پۆلیسی فیدراڵی داگیری كردووە و، بارەگای ئاسایشیش حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گرتووە، كە حەشدی شەعبی لە ھۆزە عەرەبەكانی ناوچەكە پێك هاتوون.''
kdp-
Top