موسەننا ئەمین بە توندی وەڵامی ئیئتیلافەکەی مالیکی دەداتەوە

 موسەننا ئەمین بە توندی وەڵامی ئیئتیلافەکەی مالیکی دەداتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە توندی وەڵامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، دەداتەوە.

رۆژی یەکشەممە 12/11/2017، موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە (بەغدادلیەوم)ی راگەیاندووە، هیچ پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانتارێکی دیکە بە دەسەڵاتتر نییە.

موسەننا ئەمین وەڵامی مەنسوڕ بەعێجی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای دەسەڵاتداری عێراق دەداتەوە و رایگەیاندووە، کەس ناتوانێ پەرلەمانتار، کە نوێنەری گەلە، لە چوونە پەرلەمان قەدەغە بکات، لە کاتێکدا ”من بە 53 هەزار دەنگەوە چوومەتە پەرلەمان و ئەویش بە 500 یان هەزار دەنگ هاتووەتە پەرلەمان“.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو پێی وایە ئەو لێدوانەی مەسنوڕ بەعێجی ”دەربڕینی سەرسەری و بەڵتەجی“یەکانە و ”ئێمە دانابەزـینە ئەو ئاستە نزمە“.

پێشتر بەعێجی رایگەیاندبوو، کە رێگا بە 15 پەرلەمانتاری کورد نادەن بگەڕێنەوە پەرلەمانی عێراق، چونکە بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە و دەنگیان بە جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق، داوە.










باسنيوز
Top