"لە کەرکووک بە بیانووی پشکنین ھێزە عێراقییەکان دەچنە ماڵە کوردەکان"

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کەرکووک گوتی، دوای نەمانی دەسەڵاتی کورد لە کەرکووک، دۆخی ئەمنیی ئەو شارە تێک چووە و ھێزە عێراقییەکانیش بە بیانووی گەڕان و پشکنین دەچنە ماڵە کوردەکان و بێزاریان دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوشی کەرکووک، کە نەیویست ناوی ببرێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک ھێزە عێراقییەکان لەگەڵ ئەفسەرێکی کورد بە ناوی نەقیب (لوئەی)، بەڕێوبەری پۆلیسی سوات لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بیانووی گەڕان و پشکنین دەچوونە نێوماڵە کوردەکان لە گەڕەکی شۆریجە و تاوەکو ئەم ئێوارەیە بەردەوام بوون لەو کارەیان و خەڵکیش زۆر لێیان بێزار بووە.''

سەرچاوەکە دەڵێت: ''ھەر ئەمڕۆ ڕومانەیەک لە بەردەم ماڵی ھاووڵاتی (حوسێن عەلی)، کە سەربازی خانەنشینە لە ناوچەی یەکی ئادار دانرابوو، بەرانبەر پەیمانگای تەکنیکی و دواتر ھێزە ئەمنییەکان ئاگادار کرانەوە و ڕومانەکەیان ھەڵگرتەوە.''

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکە، ھەر ئەمڕۆ ژمارەیەک کەسی نەناسراو ئۆتۆمبێلێکی جۆری کرۆلا، ڕەنگی سپی، مۆدیل ١٩٩٤یان لە گەڕەکی نەسر، بەرانبەر مزگەوتی مەتین دزیوە.

سەرچاوەکە ئاماژە بە دۆخی کەرکووک دەکات، کە دۆخی ئەمنیی کەرکووک زۆر خراپە و، دوای ئەوەی دەسەڵاتی کورد ئەو شارەی جێ ھێشتووە، ئەمنییەتی شارەکە کەوتووەتە دەست ھێزە عێراقییەکان.
kdp-
Top