ئەمریکا بەبێ مەرجی عێراق 365 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە تەرخان دەکات
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (ئەلمۆنیتۆر)، ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکا راپۆرتێکیا ئامادە کردووە و تێیدا داوا لە ئیدارەی وڵاتەکەیان دەکەن، چاو بە ستراتیژییەتی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا بخشێنێتەوە.
لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018ـی ئەمریکا، کۆنگرێسی ئەو وڵاتە 365 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە رووی سەربازییەوە دیاری کردووە و مەرجی پابەندبوون بە یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەشداریی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراقیش لادراوە، کە پێشتر بەو مەرجەوە هاوکاریی پێشمەرگە دەکرا.
کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکان دیاریکردنی ئەو بڕە بۆ هاوکاریی پێشمەرگە و لادانی مەرجی پابەندبوون بە یەکپارچەیی عێراقیان بە ”گۆڕانکارییەکی گرنگ لە ھەڵوێستی گۆنگرێس“ داناوە و نیگەرانیی خۆشیان لە هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر پێشمەرگە، دەربڕیوە.
پێشتر چەند کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا بە ئاشکرا ھەڵوێستی خۆیان لەسەر ھێرش و پەلامارەکانی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر کوردستان دەربڕیبوو و جگە لە سەرکۆنەکردنی ئەو ھێرشانە، بەشێکیان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندبوو.
هەروەها جۆن مەککین، سیناتۆری ئەمریکی و سەرۆکی کۆمیتەی خزمەتگوازرییە سەربازییەکان لە کۆنگرێس لە وتارێکدا لە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) رایگەیاندبوو، کە ”پێویستە ئەگەر وڵاتەکەی ناچار بێت لە نێوان کورد و شیعەکانی عێراقدا لایەکیان ھەڵبژێرێت، کورد ھەڵبژێرێت".
باسنيوز
