حەشدی شەعبی ماڵی 30 هاووڵاتیی زوممار تاڵان دەکات

 حەشدی شەعبی ماڵی 30 هاووڵاتیی زوممار تاڵان دەکات
چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ماڵی 30 هاووڵاتی لە شارۆچکەی زوممار، تاڵان دەکەن.



ئەکرەم فەتاح، سەرۆکی لێژنەی کۆچ و کۆچپێکراوان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک راگەیاند، خەڵکی ناوچەکانی زوممار و رەبیعە، کە نەیانتوانیوە خۆیان لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی رزگار بکەن، لەبارودۆخێکی خراپدا دەژین.



ئەکرەم فەتاح هەروەها رایگەیاند، چەکدارانی حەشدی شەعبی جگە لە رفاندن و سووکایەتیکردن بە هاووڵاتییان، ماڵی 30 هاووڵاتیشیان لە زوممار تاڵان کردووە.



حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.



باسنيوز
Top