پارتی داوادەکات فراکسیۆنی برایەتی لەدەرەوەی کەرکووک کۆببێتەوە

 پارتی داوادەکات فراکسیۆنی برایەتی لەدەرەوەی کەرکووک کۆببێتەوە
پارتی و گۆڕان هەریەکەیان بەجیا بەرنامەیان بۆ داهاتووی کەرکووک هەیە ، پارتی داوادەکات، فراکسیۆنی برایەتی لە دەرەوەی کەرکووک کۆببێتەوە و گۆڕانیش دەڵێت، دەبێت گوتارەکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئیدارەدانی هاوبەشی کەرکووک، ببێتە گوتاری کورد.

سەرکردەکانی یەکێتی لەچلەی کۆچی دوایی مام جەلال، دوپاتی هەمان ئەو درووشمانەی رابەرەکەیان کردەوە، کە بەباڵای کەرکووک هەڵیداون ، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی بۆ داهاتووی پارێزگاکە هیچیان بەخەڵک رانەگەیاندووە.

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند"هەموو جۆرە سەرکەوتنێکی سەربازیی بە پیلانگێڕی غروری تێدایە، ئەم لەخۆباییبوونە نابێتە حەقیقەتی سیاسی و حەقیقەتی ئیداری، باشترین شت ئەوەیە بچینەوە سەر مێزی دانوستاندن و دەستوری دادگەرمان بێت".

بزووتنەوەی گۆڕان لەو رووداوانەی بەسەر کەرکووک هاتن خۆیان بێبەری دەکەن، بەڵام ئێستا دەیانەوێ بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ئەو پارێزگا کوردستانییە، بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.

ئەحمەد عەزیز، بەرپرسی ژووری ناوچە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و، دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنی و سەربازی لەگەڵ لایەنی عێراق بەهاوبەشی بەڕێوەببەن، کڕۆکی بابەتەکەی ئێمە ئەوەیە لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبەغداوە بێت بۆ ئەو ناوچانە، زەمینە سازی بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و قەرەبویان بکاتەوە، هەروەها ئیدارەیەکی هاوبەش لەگەڵ کورد دروست بکرێتەوە، وەک ئەوەی کە جیهان داوای دەکات، ئەم گوتارەیش کە جیهان داوای دەکات، دەبێت ببێتە گوتاری کورد".

پارتی لەهەولێرەوە ئامادەسازی بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ کەرکووک دەکات و داواکاریشە کۆبوونەوەیەکی فراکسیۆنی برایەتی لەدەرەوەی کەرکووک و لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بەڕێوەبچێت بۆ چارەسەری کێشەکان.

سەلاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک-گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بیرمان لەوە کردووەتەوە یەکدی ببینین، هەوڵیش بدەین کۆبوونەوەیەک بکەین لەسەر دۆخی ئێستای کەرکووک و لەسەر ئەو دەنگۆیانەی باس لەگەڕانەوەو نەگەڕانەوە دەکات، لەوانەیە لەچەند رۆژی داهاتوو دەستپێبکەین".

لایەنە کوردییەکانی کەرکووک بەر لەرووداوەکانی 16-ی مانگ کۆبوونەوەی هەفتانە و مانگانەی بەردەوامیان هەبوو، ئێستا ئەگەرچی هەمووان لەسەر ئەو رووداوانە هەڵوێستی خۆیان خستووەتەڕوو ، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵوێستی هاوبەشیان نەبووە.




رووداو
Top