پەرلەمان بەدواداچوون لەسەر پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و خورماتوو دەكات

پەرلەمان بەدواداچوون لەسەر پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و خورماتوو دەكات
پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلكاریانە دەكات كە حەشدی شەعبی لە خورماتوو و كەركووك ئەنجامی داوە، بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە نەخورێت و ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە.

(بەهزاد زێباری) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ده‌ڵێ، پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك و ناوچەكانی دیكە، ئەو پێشێلكاریانەی كە كراون، داوامان كردووە كە پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە كۆ ببێتەوە، بەڵام دیارە رەوشی ناوخۆی هەندێك لایەن لەبار نەبووه‌ كە ئەو كۆبوونەوەیە زوو بكرێت. هه‌ڵبه‌ته‌ لە كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان تەئكیدمان لەو بابەتە كردەوە و دوو یادداشتی دیكەمان دانە سەرۆكایەتیی پەرلەمان ، هه‌روه‌ها داوامان لە حكوومەت كردووە كە قەرەبووی ئەو كەسانە بكاتەوە كە زیانیان بەركەوتووە.''

وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتی ''یاداشتیان له‌وباره‌وه‌ گەیشتووەتە حكوومەت، دیاره‌ كه‌ بڕیاریش دراوە لیژنەكانی پەیوەندیدارە وەكو لیژنەكانی پێشمەرگە، ئاسایش و ناوخۆ لەگەڵ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو رووداوانە و، راپۆرتی خۆیان بدەنە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدرێت.''

ئه‌و پێشێلكاریانەی كە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە كەركووك و خورماتوو و ناوچەكانی دیكە كراون، ده‌بن به‌ بابه‌تی به‌دواداچوونی لیژنه‌كان و، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ ڕاپۆرت بده‌ن به‌ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە نەخورێت و ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە.
kdp-
Top