ئەمشەو ناوی دەرچووانی سیستەمی پاراڵێل رادەگەیەنرێت

ئەمشەو ناوی دەرچووانی سیستەمی پاراڵێل رادەگەیەنرێت


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) ڕادەگەیەنێت، کە بەھۆیەوە 2 ھەزار و ٢٦٠ قوتابی دیکە بەپێی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.



عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕای گەیاند: "دوای ئەوەی دەرگای پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ ئەو دەرچوانەی پۆلی 12ی ئامادەیی کرایەوە، کە لەڕێگەی زانکۆلاین داواکارییان پێشکەش کردبوو، دوای ھەڵسەنگاندنی سکاڵاکانیان دەرکەوت ناویان لە ھیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەگەڕابووەوە، بۆیە دوای پێداچوونەوەی سەرجەم سکاڵاکان لە ئاکامدا 2 ھەزار و ٢٦٠ قوتابی دیکە بەپێی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) لەزانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.



گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو قوتابیانە دەتوانن لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ٩/١١/٢٠١٧ لە کاتژمێر (7)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیکترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەکارھێنانی ھەمان ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) کە پێشتر فۆرمی (زانکۆلاین)یان پێ پڕکردبوەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە کە لە ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) لێیی وەرگیراون، پێویستیشە لە زووترین کاتدا پەیوەندی بەو بەش و کۆلێژانەوە بکەن کە ناوەکانیان لێ ھاتۆتەوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و دەستکردن بە پرۆسەی خوێندن.



ئاشکراشی کرد، کە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئەوانەی داواکارییان بۆ وەرگرتن بەشێوەی سیستمی پاراڵێل لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش کردبوو، لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، (٩/١١/٢٠١٧) لە کاتژمێر (٨)ی شەو بەدواوە بەھەمان شێوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیکترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەکارھێنانی ھەمان ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە کە بەسیستەمی (پارالێل) لێیی وەرگیراون.
bas news-
Top