"هەڵەبجەییەكان لە بەغدا تووڕەن.. پێویستە وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا بكرێت"

چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنیی هەڵەبجە ڕایدەگەیێنن، بەغدا نە ڕێز لە هاووڵاتیانی هەڵەبجە و نە ڕێزیش لەو بڕیارەی خۆی دەگرێت كە لە 31-12-2013 و بە فەرمانی ژمارە (568)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر ئەوەی هەڵەبجە بە پارێزگا بناسێنرێت.

(مەنزەر عەلی)، بەرپرسی لقی ڕێكخراوی پێكەوەژیان لە هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی كوردستان دەیانگرێتە بەر، پێشێلكردنی یاساكانی خۆیانە، بۆیە دەشبینین لە بوودجەی 2018 ناوی هەڵەبجە بە پارێزگا نەهێندراوە، ئەمەیش وەك ئەوە وایە حكوومەتەكەی (عەبادی) پەشیمان بووبێتەوە كە هەڵەبجە بە پارێزگا بناسێنێت."

(عەلی) دەشڵێت، "هەر لە كاتی بڕیاردان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیش و ناردنی دۆسیەكە بۆ پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی ئەوەی بەیاسایی بكرێت، پەرلەمانتارە شۆڤێنییەكان ڕێگرییان بۆ هەڵەبجە دروست كرد و بە بەرنامە تەلەعفەریشیان بەستەوە بەوەی ئەگەر هەڵەبجە ببێت بە پارێزگا، ئەوا دەبێت تەلەعفەر و چەند شارۆچكەیەكی دیكەی عێراقیش بكرێنە پارێزگا، بۆیە لە كۆتاییدا شكست بەوە هێندرا كە پەرلەمانی عێراق بە یاسا هەڵەبجە بە پارێزگا بناسێنێت، لەبەر ئەوە لە ڕووی یاساییەوە حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڕیاریان لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا، بۆیە ئێمە سەركۆنەی ئەم ڕەفتارانەی بەغدا دەكەین."

لای خۆیەوە، (فەرهاد قادر) سەرۆكی تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە گوتی، "هەمیشە حكوومەتی عێراق لە بەڵێنەكانی پەشیمان بووەتەوە، ناونەهێنانی هەڵەبجەیش لە بوودجەی گشتیی 2018 عێراق، خۆی لە خۆیدا پاشەكشێی حكوومەتی عێراقییە لەوەی ددان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا نانێت."

(قادر) گوتیشی، "هەڵەبجەییەكان زۆر نیگەرانن لەو هەڵوێستانەی حكوومەتی عێراق، بۆیە ناڕەزایی خۆمان بە ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا ناردووە بۆ حكوومەتی بەغدا كە خۆی لە یادداشتنامەیەكدا دەبینێتەوە."

سەرۆكی تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، هەروەها داوا لە حكوومەتی بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش دەكات كە چیدیكە ناكرێت هەڵەبجە بێ ئەنجوومەنی پارێزگا بێت، بۆیە داوا دەكات بە زووترین كات تەواوی گرفتی بەردەم دروستكردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە چارە بكرێت.
kdp-
Top