كوردستان ساڵانە 950 تۆن هەنگوین بەرهەم دەهێنێت

كوردستان ساڵانە 950 تۆن هەنگوین بەرهەم دەهێنێت
سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان ئاشکرای كرد، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 5 هەزار هەنگەوان و 15 هەزار پوورە هەنگ هەن، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 950 تۆن هەنگوین و هەنگوینی كوردستان دەچێتە وڵاتی ئیمارات.

(عارف شێروانی)، سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''لە هەرێمی كوردستان كەشوهەوا لەبارە و باران باش دەبارێت، ئەوەش وای كردووە، كە بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بەرز بێتەوە، ساڵانە ئامارێك دروست دەكەین، لە زۆربەی ناوچەكان بەتایبەتی ناوچە كوێستانییەكان، لە سلێمانییەوە بگرە تا زاخۆ ئەو ئامارە وەردەگرین، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین زۆر كەم بوو، لە هەندێك ناوچە هەنگەوانان هەنگەكانیان هەر نەبڕینەوە، ئەگەرنا ساڵی ڕابردوو تا 950 تۆن بەرهەمی هەنگوین هەبوو، ئەوەش بەشی ناوخۆ ناكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەنگوینی كوردستان دەچێتە دەرەوە، 8% خەڵكی كوردستان هەنگوین دەخۆن، هەنگوینی كوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات دەچێت، كە بە پێچەوانەی ئێمە عەرەب زۆر هەنگوینخۆرن.''

سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان گوتیشی: ''ئاو و هەوای كوردستان جیاوازە لەگەڵ هەموو جیهان، بۆیە هەنگوینی كوردستان باشترین هەنگوینە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، لە ساڵی 2009 هەنگوینی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان یەكەم بوو، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 15 هەزار هەنگەوان و 500 هەزار سندووقی هەنگ هەن، ساڵانەش گۆڕانكاری بەسەر ئەو ژمارانەدا دێت، ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ هەنگەوانانی وڵاتانی جیهان هەیە، هەروەها لەگەڵ ڕێكخراوەكانی تایبەت بەو بوارە كە لەگەڵ ئێمە زۆر هاوكارن.''
kdp-
Top