چاودێران: نابێ هەولێر بەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بکات

چاودێران: نابێ هەولێر بەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بکات
چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، دەبێ هەر گفتوگۆ و ڕێككەوتنێك لە نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاگاداریی وڵاتە زڵهێزەكانی جیهان بێت، ئەگەرنا هیچ گفتوگۆ و ڕێككەوتنێكی هەولێر لەگەڵ بەغدا سەر ناگرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر هەرێم لە ناو خۆیدا یەكڕیز و یەكگرتوو بێت، دەتوانێت بەغدا ناچار بكات دانوستاندنی لەگەڵ بكات و ئەو بڕیارانەی دەدرێن جێبەجێ بكرێن.

(سەروان موحسێن)، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''دەبێ هەر گفتوگۆیەك لە نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاگاداریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت و ئەوان حەكەم بن لەو بەینەدا، ئەگەرنا هیچ گفتوگۆ و ڕێككەوتنێكی ئێمە لەگەڵ بەغدا سەر ناگرێت، بەڵام ئەگەر حزبە كوردستانییەكان هەموو یەك بن و ناوماڵمان ڕێك بێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانین بەرامبەر بە هەموو ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هەرێم خۆڕاگر بین و سەركەوتوو بین، جا بۆیە پێویستە گوتارێكی هاوبەش، ستراتیژێكی هاوبەش، ئەجێندایەكی هاوبەش، بۆ چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو تەحەدا و هەموو بابەتەكان، ئەگەر ئەوانە نەبن، چی بكرێت ئەنجامی نابێت، كەواتە یەكگرتنی لایەنە سیاسییەكان تەنیا مەرجی سەركەوتنی گەلی كوردە.''

(سەمیر ڕەشید)، قوتابی و چالاكوانی بواری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''گرنگترین شت بۆ گەلی كورد ئێستا یەكڕیزیی ناوماڵی كوردە، چونكە هەندێك لایەن هەوڵ دەدەن درز بخەنە نێو لایەنەكان، بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوونە، دەبێ لەسەر ئەو ناخۆشیانە دەرباز بین، یەكڕیزیی ناوماڵی كورد بپارێزین، چونكە ئەوە بۆ كورد، لە هەموو شتێك گرنگترە، چونكە ئەوەی لە ڕابردوو و ئێستادا بەسەر گەلی كورددا هاتووە، هەمووی بۆ ناتەباییی ناوماڵی كورد دەگەڕێتەوە، كە ئێمە یەكڕیز نەبووینە بەرامبەر بەو هێرشانەی دەكرێنە سەرمان، بۆیە دەبێ ئێمە یەكڕیز بین و ئەو ڕووداوانە وامان لێ نەكات، بكەوین.''

(محەمەد مووسا)، كە چالاكوانێكی دیكەی بواری سیاسییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ڕیفراندۆم بووە بەهانە بۆ ئەوەی كە ئەم ڕووداوە ڕوو بدات، ڕیفراندۆم مافێكە، خەڵكی كوردستان دەربڕین لە بیروبۆچوونی خۆی بكات، ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام درابایە، یان نەكرابایە، ئەوەی ڕووی دا هەر ڕووی دەدا، چونكە حكوومەتی عێراق لەمێژە ئەو كارە دەكات و ئامادەكاریشی بۆ كردبوو.''

(محەمەد مووسا) ئەوەیشی دركاند: ''گەلی كوردستان توانای ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریكردنی هەیە، سەربەخۆییی كوردستانیش ئامانجێكە لە پێناویدا تێدەكۆشین، ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی كوردستانە و زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتی دەنگی بۆ داوە، بۆیە هیچ هێزێك ناتوانێت بڵێت ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەسەر چووە، چونكە درەنگ بێت، یان زوو، ئەو بڕیارەی گەلی كوردستان داویەتی جێبەجێ دەكرێت، بۆیە ئەگەر یەكگرتوو بین، بەغدا ناچار دەبێت گفتوگۆمان لەگەڵ بكات و ددان بە مافەكانی ئێمەدا بنێت.''
kdp-
Top