بە هۆی هێرشی حەشدی شەعبی کارکردن لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەستاوە
(پەروین نووری)، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ھۆی ھێرشەکانی میلیشیاکانی حەشد و ھێزە عێراقییەکان کارکردن لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕاگیراوە و ئێستا وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ھەموو ئەو پڕۆژانەی ڕاگرتووە، کە تایبەتن بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، چونکە زۆربەی ئەو شوێنانەی گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدایە کەوتوونەتە بن دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکانەوە، ئەوەش وایکرد تیمەکانی وەزارەت بکشێنەوە و کارەکانیان ڕابگرن.''
لە دوای سەرکەوتنەکان ھێزی پێشمەرگە و کۆنتڕۆڵکردنەوەی زۆرێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٤٢ گۆڕی بەکۆمەڵ لەو ناوچانە دۆزراونەتەوە، کە ڕوفاتی ئەو ھاووڵاتییانەی تێدایە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەھید کراون. (پەروین نووری) ئاماژەی بەوە کرد: ''کارەکانی تیمەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وابەستەیە بە دانوستانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، ھەرکاتێک ئەوان گەیشتنە ڕێککەوتن و دامودەزگەکانی ھەرێمی کوردستان گەڕانەوە ئەو ناوچانە، ئەوا ئێمەش دەست بە کارەکانی خۆمان دەکەینەوە، بەپێچەوانەوە ناتوانین درێژە بە کارەکانمان بدەین.''
kdp-
