شارەزایان: کەرکووک لە دەستی کوردستاندا بێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشترە
زۆرجار کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا داوایان لە بەغدا کرد، چەک بەرامبەر کورد بەکار نەهێنرێت، کەچی حکوومەتی بەغدا گوێی بە کۆمەڵگایی نێودەولەتی نەدا و چەکی بەرامبەر کورد بەکار هێنا و یەکێک لە بەندە یاساییە هەرە سەرەکییەکانی دەستووری پێشێل کرد، سەرباری ئەوەی نزیکەی ٦٠ بەندی دیکەی دەستووریشی پێشێل کردووە.
حەشدی شەعبی لە کەرکووک مەترسییە بۆ سەر جیهان
زۆرجار کورد ڕایانگەیاندووە و گووتویانە کێشەکان بە چەک چارەسەر ناکرێن و زۆر هەوڵی ئەوە دەدەن بۆ چارەی کێشە یاسایایی و دەستوورییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، کەچی حکوومەتی بەغدا چەندین مەرج دەردەکات و لە سەرووی هەمووشیانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم دەکات، کەچی زۆرجار سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و (سەرۆک بارزانی) ڕایانگەیاندووە پرسی ڕیفراندۆم و ئەنجامەکەی بە هیچ شیوەیەک هەڵناوەشێتەوە، چونکە ئەمە بڕیاری گەلە.
عێراقیش کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێرانییەکان و دەستیان خستووەتە نێو جەرگی عێراق و بە ئارەزووی خۆیان، هێز دەجووڵێنن و دەیانەوێت ئەجێنداری خۆیان لە ناوچەکە جێبەجێ بکەن.
سەبارەت بەم پرسە، (د. ئەکرەم ئۆنەن)، مامۆستای زانکۆی (ئارتۆکلۆ)ی تورکیا و شرۆڤەکاری سیاسی و میدیایی لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ئەگەر کەرکووک و شنگال لە دەست کورد نەبن، مەترسییە بۆ سەر جیهان و هەندێک وڵاتی زلهێزی جیهان. ئوردن و سعوودیە و ئیسرائیل و تورکیا دەیانەوێت شنگال لەدەست کورددا دابێت و ڕووسیاش دەیەوێت کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی کورددا دابێت و نایەوێت نفووزی ئینگلیزییەکان لەسەر عێراق بێت، چونکە ڕووسیا ڕێککەوتنی گەورەی لەگەڵ کورددا هەیە لە بواری نەوتەدا.''
(د. ئەکرەم ئۆنەن) گوتیشی: ''دنیا هەموو دەزانێت ئەگەر ناوچە کوردستانییەکان لە ژێر دەسەڵاتی عێراقدا بن، کەواتە لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندان، ئەمەش لە لایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە جێگایی قبووڵ نییە.''
دۆخەکە لە بەرژەوەندیی کوردستان دەبێت
لەم دواییانەدا (سەعەد حەریری)، دەستی لە کار کێشایەوە، ئەمەش بووەتە جێگای دڵخۆشیی ئێرانییەکان و واتای بەهێزبوونی ڕۆڵ و پێگەی (حزبوڵڵا) دەگەیەنێت و دەبێتە مەترسی لەسەر ناوچەکە .
سەبارەت بەم پرسە، (سلێمان شێخنەبی)، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: ''چوونی (سەعد حەریری) زەبرێکی کوشندە بوو لە پێگەی سوننە لە ناوچەکەدا و بەهێزبوونی ڕۆڵی ئێران و (حزبوڵڵا)بوو لە ناوچەکەدا، ئەمەش بۆ کورد باش بوو، چونکە ئیسرائیل و ئەمەریکا دێنێتە سەرهێڵ، ئەمەش لە بەرژەوەندیی کورددایە و، نایەڵێیت ڕۆڵی حەشد و ئێرانییەکان و گرووپەکانی ئێران لەنێو عێراقدا بەهێز بێت.''
(سلێمان شێخنەبی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەش دەگێڕێتەوە، کە ئێستا باشترین چارە ئەوەیە جیهان خۆی نێزیکی کورد بکات، چونکە ئیسرائیل و ئەمەریکا دەزانن بێهێزبوونی کورد لە بەرژەوەندییاندا نییە، لەبەر ئەوەش ئیسرائیل بەپەلە وەڵامی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە لوبنان دەداتەوە.''
(سلێمان شێخنەبی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''سوننەکانیش هەست بەو مەترسییە دەکەن، چونکە هەبوونی ئێران و دروستبوونی ئیمپراتۆریی شیعی لە ناوچەکەدا مەترسییە بۆ سەریان، لەبەر ئەوەش، دەوڵەتە سوننەکان بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی کورد دەکەن، بەتایبەت سعوودیە.''
ئەمڕۆش ئاژانسەکانی سعوودیە لەسەر زاری بەرپرسێکی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووە، داوا لە هاووڵاتییانی سعوودیا دەکات، گەشت بۆ لوبنان نەکەن و ئەوانەیشی لەوێن لوبنان جێبێڵن.
kdp-
