خورماتوو.. حەشدی شەعبی 15 خانووی دیکەی ھاووڵاتییانی کوردی تەقاندەوە

 خورماتوو.. حەشدی شەعبی 15 خانووی دیکەی ھاووڵاتییانی کوردی تەقاندەوە
چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، بەردەوامن لە سووتاندن و تەقاندنەوەی خانووی ھاووڵاتییانی کوردی ئەو شارۆچکەیە.

عەقید کاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕایگەیاند: "چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەردەوامن لە سووتاندن و تەقاندنەوەی خانووی ھاووڵاتییانی کورد، لە نوێترین کردەوەی ئەو چەکدارانەدا 15 خانووی دیکەی ھاووڵاتییانیان تەقاندەوە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ئەوەشی خستە روو، کە تا چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بن، ئاوارەکانی خورماتووش ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بە چاوساخی باڵێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بە سەرپەرشتی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد.

حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعە مەزھەبی عێراق پێک دێت، بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لە لایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە.










باسنیوز
Top