بەرپرسێکی ئەنجومەنی وەزیران: بەغدا نیازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نییە

 بەرپرسێکی ئەنجومەنی وەزیران: بەغدا نیازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نییە
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و پەیوەندی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان باس لە مەرجێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و بە ”بیانووگرتن“ وەسفی دەکات.

حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتاری ھەفتای خۆیدا ڕای گەیاندووە کە ژمارەی فەرمانبەرانی کوردستان زیادە و دوای ساڵی 2013 ھەر کەسێک لە کوردستان دامەزراوە، بەبێ ئاگاداریی وەزارەتی دارایی عێراق بووە.

لەبەرامبەردا د.نووری عوسمان، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و پەیوەندی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەوەی باس کراوە چ پەیوەندییەکی بە وەزارەتی دارایی عێراق ھەیە؟ ئەوەی ھەیە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی کوردستانەوە هەیە، خۆ ئەمە دامەزراوەیەکی ناشەرعی نییە تا عەبادی گومانی بخاتە سەر“.

جەختیشی لەوەکردەوە کە لەسەر ژمارەی فەرمانبەرانی کوردستان، ئێمە تۆماری بایۆمەتریمان کردووە و ژمارەکان لەبەردەستمانن و ئامادەین بۆ بەغدای ڕوون بکەینەوە کە ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەر چەندە و ئێمە لە رێگای دوو کۆمپانیای گەورەی جیھانەوە لە کوردستان وردبینمان بۆ ژمارەی فەرمانبەران کردووە".

ئەو بەڕێوەبەرە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانەکەیدا ئاشکرای کرد: ”ئەوەی بەغدا باسی دەکات، نیازپاکی نییە و نیازیان بە کارەکەوە نییە و بیانوو دەھێننەوە، ئەگەر نا ھەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن".










باسنیوز
Top