ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: ئێران هەوڵدەدات بنکەیەکی سەربازی لەسەر چیای شنگال دابمەزرێنێت

 ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: ئێران هەوڵدەدات بنکەیەکی سەربازی لەسەر چیای شنگال دابمەزرێنێت
ڕۆژنامەی (زە ئەڵماینەر) لە ڕاپۆرتێکدا لە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆنتڕۆل کردنی چیای شنگال لەلایەن ئێران مەترسی گەورە لەسەر ئاساییشی ئیسڕائیل دروست دەکات.

ئاماژەشی بەوە داوە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە و ھەوڵی دروست کردنی بنکەیەکی سەربازی لەسەر چیای شنگال دەدەن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەشی بەوە داوە کە ئێران زیاتر لە 10 ساڵە ھەوڵی دەست بەسەرداگرتنی ئەو ناوچە شاخاوییە دەدات کە لە باکووری ڕۆژاوای عێراق درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە ڕۆژھەڵاتی سووریا (هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان“.

تیرۆرستانی داعش لە ساڵی 2014 شنگالیان داگیرکرد و ساڵی دواتر ھێزەکانی پێشمەرگە توانییان ‌ داعش لەو ناوچەیە وەدەربنێن، بەڵام دواتر میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران ھێرشیان کردە سەر ئەو ناوچە ئازادکراوانە و لەمیانی ھێرشی 16ی ئۆکتۆبەر داگیریان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، کەتیبەکانی خۆراسانی کە سوپای پاسدارانی ئێران پاڵپشتییان دەکات، خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازین لە بەرزاییەکانی چیای شنگال. ھەروەھا ئەبو مەھدی موھەندیس، کەسی دووەمی نێو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تیرۆرستی ناساندووە، چەند جارێک لەو ناوچەیە بینراوە.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئەگەر ئەو چیایە کۆنتڕۆل بکرێت، بە مانای کۆنتڕۆڵکردنی ھەموو ناچەکە دێت. دەشڵێ: ”ئێران دەتوانێت لەوێوە ھێرش بکاتە سەر تەل ئەبیب و یارمەتی بۆ حزبوڵای لوبنانی بنێرێت“.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.








باسنيوز
Top