پەرلەمانتارێکی یەکێتی هانا بۆ حەیدەر عەبادی دەبات
رێبار تەها، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، کە چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای کەرکووک بڵاوبوونەتەوە ڤو خۆیان بۆ ئەنجامدانی ھێرشی تیرۆریستی ئامادە دەکەن.
رێبوار تەھا هەروەها رایگەیاندووە، چەندین هەواڵی لە حەویجە و دەوروبەرییەوە پێگەیشتووە، کە باس لەوە دەکەن، شانە نووستووەکانی داعش لەو ناوچەیە دەستیان بە جموجۆڵ کردووە، بوونی ئەو چەکدارانەش لە حەویجە و ریاز بە ”هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کەرکووک“ دادەنێت.
ئەو پەرلەمانتارە داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران عێراق کردووە ”لێکۆڵینەوە“ لەبارەی ئەو هەواڵانەوە بکات، کە باس لە سەرهەڵداەوەی داعش لەو ناوچانە دەکەن ”پێویستە دەربکرێن و چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە“.
سەرهەڵدانەوەی شانە نووستووەکای ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەکاتێک دایە، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان شاری کەرکووکیان داگیر کردووە و ئەمەش مەترسیی دووبارە هێرشی داعش بۆ ئەو شارە زیاد دەکات، چونکە لە 2014 دا دەرکەوت هێزە عێراقییەکان توانای خۆڕاگرتنیان بەرامبەر هێرشی داعش نییە و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شاری کەرکووکیان پاراست.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش توانییان لەماوەی چەند رۆژێکدا، سوپای عێراق، کە چەک و تەقەمەنیی زۆری لەبەردەست بوو، هەرەس پێبهێنن و نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنيوز
