دیندار دۆسکی: دەبێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر بکرێت
د. دیندار نەجمان دۆسکی، سیاسەتمەداری کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕاگەیاند: ”ڕادەستکردنی کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەر زۆر ناخۆش بوو، چونکە خیانەت بوو لە مێژوو کرا، بەڵام پێویستیمان بە یەکڕیزی ھەیە، بۆ ئەوەی لەم گرفتە دەربچین، دەبێت لە داھاتوودا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، چونکە خەنجەرێکی ژەھراوی بوو لە پشتەوە لە کەرکووک درا، ئەم شارە ڕادەستی دوژمن کرا و خەڵک چاوەڕوانی نەدەکرد بەھۆی جیاوازیی سیاسییەوە دڵی کوردستان ڕادەست بکرێت".
دۆسکی جەختی لەوە کردەوە کە ”ئەو کەسانەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیان فرۆشت، مێژوو ڕەحمیان پێ ناکات“.
نیگەرانیی خۆیشی لەوە دەربڕی کە لەبەر ئەوەی خیانەتەکە لە کوردستاندا کراوە، تێدەپەڕێت، ئەگینا ”لە وڵاتانی دیکە بووایە، ئەو کەسانە دەبرانە بەردەم دادگای سەربازی و لەوێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکردن“.
پێشتر کامیل ژیر، نووسەری دیاری کوردستان ڕای گەیاند، ئەو کەسانەی لە 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکان کردووە، ”ناپاکی و خیانەتێکی نیشتمانیی گەورەیان کردووە“.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی کە (پاڤڵ تاڵەبانی، ئاراس و لاهور جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند، ڕەفعەت عەبدوڵا و چەند بەرپرسێکی دیکە) سەرکردایەتییان دەکردن، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
