کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: پاڤێل تاڵەبانی و لاهور جەنگی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاراستە دەکەن

 کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: پاڤێل تاڵەبانی و لاهور جەنگی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاراستە دەکەن
دوای هەوڵەکانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە ئاشکراکردنی ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە گرووپەکەی 16ی ئۆکتۆبەر کە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکان کرد، کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی نایشارێتەوە کە ئەو گرووپە سەرکردایەتی ئاراستە دەکەن.



نەوزاد ساڵح، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی ئەو حزبە بووە،ڕاگەیاند: ”ھەر کەسێک سەیری مێژووی یەکێتی بکات، دەبینێت لە سێ باڵ دروست بووە، باڵی مەکتەبی سیاسی و بزووتنەوەی ڕەنجدەران و باڵی سۆسیالیست، بەڵام ئێستا یەکێتی بووەتە دووباڵ، کەلێنێکی گەورەش دروست بووە، بەتایبەت لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی کە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر یەکێتی لە ناوچەکە و ناوخۆی کوردستانیش دروست کردووە“.



لەبارەی هەوڵەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی لە ژێر کاریگەریی گرووپەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، ئەوەی نەشاردەوە کە ئاراستە دەکرێن و ڕاگەیاند: ”ئێستا پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی کاریگەرییان لەسەر سەرکردایەتیی یەکێتی هەیە“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە تەنانەت ئەو گرووپەی یەکێتی ئێستا بەناوی سەرکردایەتیی حزبەکەیانەوە قسە دەکەن و بۆ ئەمەش هەندێک لایەنگری یەکێتی و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتییان لەگەڵ دایە.



لە بەرامبەردا و لەبارەی هەوڵەکان بۆ زیانگەیاند بە پێگەی کۆسرەت ڕەسول، ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کۆسرەت ڕەسول عەلی خاوەن پێگەیەکی بەهێزە و مێژووی قوربانیدان و گیانفیداییەکەی بە ڕادەیەکە کە ”پێموانییە هیچ کەسێک لەناو یەکێتی جورئەتی ئەوە بکات هەیبەتی کاک کۆسرەت کەم بکاتەوە“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە 8/11/2017، میدیایەکی سەر بە لاهور جەنگی، هەواڵێکی داڕێژراوی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە کەسێک لە سەرکردایەتیی یەکێتییەوە قسەی کردووە و نووسیویانە: ”زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتی“.







باسنیوز
Top