کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: پاڤێل تاڵەبانی و لاهور جەنگی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاراستە دەکەن
نەوزاد ساڵح، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی ئەو حزبە بووە،ڕاگەیاند: ”ھەر کەسێک سەیری مێژووی یەکێتی بکات، دەبینێت لە سێ باڵ دروست بووە، باڵی مەکتەبی سیاسی و بزووتنەوەی ڕەنجدەران و باڵی سۆسیالیست، بەڵام ئێستا یەکێتی بووەتە دووباڵ، کەلێنێکی گەورەش دروست بووە، بەتایبەت لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی کە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر یەکێتی لە ناوچەکە و ناوخۆی کوردستانیش دروست کردووە“.
لەبارەی هەوڵەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی لە ژێر کاریگەریی گرووپەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، ئەوەی نەشاردەوە کە ئاراستە دەکرێن و ڕاگەیاند: ”ئێستا پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی کاریگەرییان لەسەر سەرکردایەتیی یەکێتی هەیە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە تەنانەت ئەو گرووپەی یەکێتی ئێستا بەناوی سەرکردایەتیی حزبەکەیانەوە قسە دەکەن و بۆ ئەمەش هەندێک لایەنگری یەکێتی و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتییان لەگەڵ دایە.
لە بەرامبەردا و لەبارەی هەوڵەکان بۆ زیانگەیاند بە پێگەی کۆسرەت ڕەسول، ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کۆسرەت ڕەسول عەلی خاوەن پێگەیەکی بەهێزە و مێژووی قوربانیدان و گیانفیداییەکەی بە ڕادەیەکە کە ”پێموانییە هیچ کەسێک لەناو یەکێتی جورئەتی ئەوە بکات هەیبەتی کاک کۆسرەت کەم بکاتەوە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە 8/11/2017، میدیایەکی سەر بە لاهور جەنگی، هەواڵێکی داڕێژراوی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە کەسێک لە سەرکردایەتیی یەکێتییەوە قسەی کردووە و نووسیویانە: ”زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتی“.
باسنیوز
