جۆن مەککین : ئێران کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵۆزتر کردووە

جۆن مەککین : ئێران کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵۆزتر کردووە
سیناتۆرێکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانی ئاڵۆزتر کردووە.



جۆن مەککین، سیناتۆری کۆماریخوازەکانی ئەمریکا لە دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، ئێران هەوڵ دەدا هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی، بەکار دەهێنێت.



جۆن مەککین هەروەها رایگەیاندووە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی کێشە و ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدای ئاڵۆزتر کردووە و هەوڵی خراپترکردنی دۆخەکە دەدات.



ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتەکەشی گرتووە و رایگەیاندووە، ئەمریکا ”سیاسەتێکی روون و کاریگەر“ی نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرامبەر گەشەکردنی میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق سووریا ”بێدەنگە“.



جۆن مەککین ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزە ئێرانییەکان لە عێراق کار بۆ تێکدانی زیاتری رەوشی ئەو وڵاتە دەکەن و بەردەومن لە فراوانکردنی هەژموونی خۆیان.



باسنیوز
Top