مامۆستایانی زانكۆ: بەغدا بودجەی کوردستانی داوەتە حەشدی شەعبی

مامۆستایانی زانكۆ: بەغدا بودجەی کوردستانی داوەتە حەشدی شەعبی
بەغدا رۆژ لە دوای رۆژ دەستوور پێشێل دەكات، پڕۆژەیاسای بوودجەی 2018 پلانێكی دیكەی داڕێژراوە بۆ هەرێمی كوردستان و سزادانی خەڵكی كوردستان. مامۆستایانی زانكۆش لە سۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەوەی ئێستا بەغدا لەگەڵ كوردستانی دەكات، هەنگاوێكی سیاسییە و هیچ پەیوەندیی بە دەستوورەوە نییە، چونكە هەموو مەبەستی عێراق ئەوەیە هەرێمی كوردستان نەمێنێت و ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات.

(د. ڕەزا موحسێن)، مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری ئابووری لە سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بەغدا دەیەوێت خەڵكی كوردستان دەست لە هەرێمی كوردستان بەر بدەن، ئەوەش هیچ پەیوەندیی بە دەستوورەوە نییە، بەڵكو بابەتێكی سیاسییەوە و ئەوان بەردەوام دژایەتیی كوردستان دەكەن، ئەوەی بەغدا تازە بەرامبەر بە كوردستان و بوودجەكەی دەكات، مخالفێكی دەستوورییە، بوودجەی كوردستان لە 17% بۆ 12% كەم دەكرێتەوە و دەدرێتە حەشدی شەعبی، هەروەها مامەڵەكردن بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاكان، ئەوان هەموو مەبەستیان ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان نەمێنێت.''

(د. عەلی میرزا)، شارەزای بواری ئابووری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە تووشی گەورەترین مەترسی بووەتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت و هەموومان نەبینە یەك، دوور نییە هەرێمی كوردستان لە دەست بدەین، چونكە بڕێكی زۆر بوودجە بۆ حەشدی شەعبی تەرخان كراوە، بێ ئەوەی یەك دینار بۆ هێزی پێشمەرگە، كە بەشێكە لە سیستەمی وەزارەتی بەرگریی عێراق تەرخان بكرێت.''

(د. عەلی میرزا) ئاماژەی بەوەش كرد: ''تێكڕای ئەو مووچەیەی بۆ فەرمانبەرانی عێراق دانراوە، مانگانە زیاترە لە ملیۆنێك و دووسەد هەزار دینار، كەچی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم تەنیا 300 هەزار دینار تەرخان كراوە، ئەگەر هات و ئەوەیش ڕەوانە بكرێت.''

kdp-
Top