پەرلەمانی کوردستان: داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین بۆ دیالۆگ هاوكاری جیددی بن

 	 پەرلەمانی کوردستان: داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین بۆ دیالۆگ هاوكاری جیددی بن
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتن بە ٨ خاڵ، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ڕۆژی چوارشەممە، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجام درا، دوای ئەوەی كە وەرزی تەشریعی لە ڕۆژی 6/11/2017، ڕاگەیەندرا بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی كاری ئایندەی پەرلەمان و دانیشتنەكانی پەرلەمان و ئەو یاسا و بڕیارانەی كە پێویستن پەرلەمانی كوردستان پەسندیان بكات، بەتایبەت ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە دۆخی خەڵك و هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم.
لەو بارەیەوە كۆبوونەوەكە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:

١-‌ لە پێناو چارەكردنی كێشە و گرفتەكان و نەهێشتنی كۆسپەكان و هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ ئاشتەواییی كۆمەڵایەتی و سیاسی، بە گرنگ دەزانین كە دەستەبەری یەكڕێزی و یەكگوتاری بكات لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، كە لەم قۆناغەدا میللەتەكەمان پێیدا تێپەر دەبێت، داوا دەكەین پەلە بكرێت بۆ ئەم مەبەستە.

٢- پەرلەمان و حكوومەت هاوكار و هەماهەنگی تەواوی یەكتر بن. هەروەها جەخت كرایەوە بە چالاكردنی لیژنەكانی پەرلەمان و كاری چاودێری و بەدواداچوون و هەر ڕێكارێكی یاسایی، كە پێویست بێت بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكان و هەرچی زیاتر خزمەتكردنی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان.

٣- پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە، دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئامادەییان پێشان داوە بۆ دانوستان و چارەی ڕیشەییی كێشەكان، بۆ ئەم مەبەستە هەرچی زووە وادەی دانوستان دیاری بكرێت و لەم نێوەندەشدا داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین، هاوكاری جددی بن، چونكە مانەوەی دۆخەكە بەم جۆرە هۆكار دەبێت بۆ تێكچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان، بۆ تەئكیدكردنەوە هیچ جۆرە پێشێلكارییەكی دەستووری لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە ڕووی نەداوە، بەپێچەوانەوە لە سەرجەم ڕاگەیاندراو و لێدوانە فەرمییەكاندا پابەندبوون بە یاسا و ماددە دەستوورییەكانی عێراق بەڕوونی ئاماژەی پێ كراوە و دووپات كراوەتەوە.

٤- جەخت دەكەینەوە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە بە مەبەستی دانوستان دەچێتە بەغدا، پاكێجێكی یاسایی و داراییی ورد ئامادە بكات و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی نوێنەری خۆی بۆ ئەو ئامادەكارییە لە خەڵكانی پسپۆڕ و شارەزا دیاری كردووە و هەماهەنگیی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، دەبێت هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ دانووستانی بەپەلە، بەتایبەت قووتی خەڵكی كوردستان دەكەوێتە بەرمەترسیی جددی و داوا دەكەین، كە ناوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی بایۆمەتریدا بۆ دانوستانەكانی نێوان هەردوولا كاری پێ بكرێت و ڕێژەی (17%) شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.

٥- بۆ وەرزی تەشریعیی نوێ، بڕیار درا، هەموو ئەو یاسا و پڕۆژانەی كە گرنگن و پێویستی هەنوكەییی ئەم قۆناغەن، بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بە ڕەچاوكردنی ئەو یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و، مەبدەئی توافق كاری پێ بكرێت.

٦- كۆبوونەوە بڕیاری دا لە پێناوی بەدواداچوونی مەیدانی و ئامادەكردنی ڕاپۆڕتێكی گشتگیر لەسەر كۆی ئەو ڕووداوانەی كە بەسەر ناوچە جێناكۆكەكاندا هاتووە، لیژنەیەكی بەدواداچوون لە هەرچوار لیژنەكانی (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێشمەرگە و ناوخۆ و مافی مرۆڤ) پێك بهێندرێت بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆڕتێكی مەیدانی بۆ پەرلەمانی كوردستان.

٧- بڕیار درا، بەپەلە دانیشتنێكی هاوبەشی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت بۆ گەڵاڵەكردنی بۆچوونی هاوبەشی هەردوولا.

٨- پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە لە سەرجەم ڕێكارەكانی دانوستان و دەرئەنجامەكانی پێویستە ئاگادار بێت و ڕاوێژی بەردەوام لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان دەستەبەر بكرێت.
kdp-
Top