شرۆڤەکارێکی سیاسی: گۆڕینی دەستوور بەبێ کورد سەرکەوتوو نابێت
دەستووری عێراق، کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەنگیان بۆ پەسەندکردنی داوە، ئێستا دەنگۆی گۆڕانکاری لەو دەستوورەدا هەیە و ھەندێ لایەنی باڵادەستی عێراق دەیانەوێت دەستوور لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بگۆڕن. لەم بارەیەوە، (بوخاری عەبدوڵڵا)، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گۆڕانکاری لە دەستووری عێراقدا پێویستی بە ڕێکاری خۆی ھەیە، چونکە دەستوور خۆی ئەو ڕێوشوێنانەی دیاری کردووە، یەکێک لەو ڕێکارانە ئەوەیە پێویستە زیاتر لە نیوەی پەرلەمان دەنگی بۆ بدات و ئەگەریش لە پەرلەمان دەرباز بوو، بە ھەمان شێوە دەخرێتە ڕاپرسی و پێویستە زۆرینەی ھاووڵاتییانی عێراقی دەنگی لەسەر بدەن، من وای دەبینم ئەگەر لە پەرلەمان بە زۆرینە پەسەند بکرێت، ئەوە لەنێو خەڵکدا ناتوانرێت بەبێ ھەرێمی کوردستان دەستوور ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت، چونکە سێ پارێزگای ھەرێم ئەگەر بایکۆتی بکەن، یان دەنگی بۆ نەدەن، ئەو شکست دێنێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە.''
ژمارەیەک ماددە و بڕگەی نێو دەستووری ھەمیشەییی عێراق وەک دەستکەوت بۆ ھەرێمی کوردستان ھەژمار دەکرێن و چەندین پرسی ھەڵواسراو لە نێوان ھەرێم و بەغدادا چارەنووسیان بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە، ھەرچەندە بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا ئامادەی جێبەجێکردنی دەستوور نەبووە، بەڵام ھێشتا ھەرێمی کوردستان مکوڕە لەسەر ئەوەی پێویستە ھەموو کێشەکان بە گوێرەی ئەو دەستوورە یەکلا بکرێنەوە، کە زۆرینە خەڵکی کوردستان دەنگی بۆ داوە. (بوخاری عەبدوڵڵا) گۆتی: ''ڕاستە زۆرینەیەک لە عێراق دەیەوێت دەستکاریی ھەندێ ماددەی نێو دەستووری عێراق بکات، ئەوەش زیاتر بۆ مەرامی خۆیانە و دەیانەوێت زیاتر ئەو بڕگە و ماددانە بگرێتەوە کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ئێمە پێشتریش و ئێستاش بۆچوونمان ئەوە بووە، دەستووری عێراق سەرەڕای ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقەوە پێشێل کراوە، بەڵام دەستکەوتی زۆر باشی بۆ کورد تێدایە، لەبەر ئەوە نابێ ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە ھیچ شێوەیەک ڕازی بن بە گۆڕینی دەستوور، پێم وایە بەبێ ھەرێمی کوردستانیش سەرناگرێت.''
kdp-
