بە ھۆی حەشدی شەعبیەوە دەیان ھەزار قوتابی و مامۆستا لە ناوچە کوردستانییەکان ئاوارە بوونە
سەرۆکی یەکێتیی ماموستایانی کوردستان، (ئەحمەد گەرمیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بە ھاوکاریی سوپای پاسدارنی ئێران بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە کەرکووک لە کۆی ١٠٦ ھەزار قوتابی و ھەشت ھەزار مامۆستا بە ڕێژەی ٣٠%ی ئەوانە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و لە قەزای دووزخورماتووش ٢ ھەزار و ٢٨٢ قوتابی و ١٦٣ مامۆستا و لە مەخمووریش ٩ھەزار قوتابی و ھەزار و١٠٠ مامۆستا ئاوارەی ھەرێمی کورستان بوونە و لە خوێندن دابڕاون.''
سەبارەت بە دەشتی نەینەوا، (ئەحمەد گەرمیانی) گوتی: ''لە سنووری دەشتی نەینەوا بە ھۆی ھاتنی حەشدی شەعبییەوە بۆ ئەو ناوچانە، ٢٥ ھەزار قوتابی و ٣ ھەزار و٣٠٠ مامۆستا لە ناوچەکانی زوممار و شنگال و باشیک و بەرتللە و حەمدانیە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە.''
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (شۆڕش غەفووری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم نزیکەی ١٥٠ ھەزار قوتابی ھەیە و نزیکەی٨٠%یان ئاوارە بوونە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە، ھەر قوتابییەک لە ھەر ناوچەیەکەوە ئاوارە بووە، دەتوانێت لەو ناوچەیە لە نزیکترین قوتابخانە درێژە بە خوێندنی خۆی بدات و بێبەش نەبێت لە خوێندن، بۆیە دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی قوتابییانی ئاوارەدا کراوەن.''
kdp-
