سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی: ھیچ ھێزێک ناتوانێت پەیوەندی نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک تێک بدات
عیرفان کەرکووکلی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی و کە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: "ھەوڵێک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان تورکمان و کوردەکانی کەرکووکدا ھەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکمانەکان پێیان خۆش نییە لە کورد دوور بکەونەوە و پێشتریش ئێمە بەشداریمان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا کرد و دەنگمان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە".
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، ڕاشی گەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەو ڕاستییە لای گەلی تورکمان و تەنانەت لایەنگرانی ئەرشەد ساڵەحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەرکەوت، کە ویژدان و ڕاستی خۆی بە بەرپرسە شیعە مەزھەبەکانی عێراق بە ھەندێ دەستکەوتی کەسی فرۆشتووە، ھەروەھا ھەوڵی دروستکردنی ئاژاوە لە نێوان کورد و تورکمانەکان دەدات، بۆیە لایەنگرانی بەرەی تورکمانیش ئێستا لێی بێزارن و پێوەندی بە ئێمەوە دەکەن و ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن".
گوتیشی: "ھیچ ھێزێک ناتوانێت پێوەندی نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک تێک بدات".
بەرە بەیانی ڕۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران، بە چاو ساخیی گرووپێکی ناو یەکێتی، کەرکووک و دەوروبەریان داگیر کرد و بەو ھۆیەشەوە چەندین کێشە لە کەرکووک درووست بووە.
باسنيوز
