مەسرور بارزانی: رێکاری سەربازی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ھیچ ئاکامێکی نابێت

 مەسرور بارزانی: رێکاری سەربازی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ھیچ ئاکامێکی نابێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ نێردەی تایبەتی وڵاتی نەرویج بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/11/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ (کنوت لێن) نێردەی تایبەتی وڵاتی نەرویج بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی بالیۆزخانەی نەرویج لە بەغدا کۆبوویەوە و لەم دیدارەدا پەیوەندییەکانی نەرویج و ھەرێمی کوردستان و دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندیەکانی ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا.

شاندی نەرویجی پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای جێبەجێکردنی دەستوور دووبارە کردەوە و ئاواتیان خواست ھەرچی زووتر گرژییەکان کۆتایی پێ بھێنرێن و ھەردوولا خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانی و گەشەپێدانی وڵات ئامادە بکەن.

پەیوەست بەم بابەتە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، جەختی لە سەر ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دووبارە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە کاردانەوەکانی بەغدا لە بەرامبەر ریفراندۆم نادەستوورین و دەرخەری نیازخراپیی ھەندێ گرووپ و لایەنە لە بەغدا لە بەرامبەر کۆی سیستەمی دەستووری و سیاسیی ئێستای عێراق.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە رێکاری سەربازی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ھیچ ئاکامێکی نابێت و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە دەبێ بەغدا دانوستانی بێ مەرج لە سەر بنەمای دەستوور قبوڵ بکات و کۆی دەستوور جیبەجێ بکرێت، نەک تەنیا چەند بڕگەیەک کە لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و لە خزمەت ئامانجی لایەنێکی کێشەکەدایە.










باسنيوز
Top