گەرمیان.. کەسێک بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دەدرێت

 گەرمیان.. کەسێک بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دەدرێت
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە کەسێک بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش، بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/11/2017، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "(نەبیل ستار وەلی) کە ھاووڵاتییەکی عەرەبە و لەدایکبووی ساڵی 1995ە، ھەروەھا دانیشتووی ناوچەی (عەسریە)ی سەربە قەزای خورماتووە، بەھۆی ئەندامێتیی داعش، بە پێنج ساڵ زیندانی سزا درا".

ھەر بە پێی ئەو ڕاگەیاندراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و تەواو لەسەر ئەو کەسە، لە بەروای 18/7/2017 لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیر کرا، ھەروەھا پاش ئەوەی دۆسیەی تاوانبارەکە خرایە پێش دادوەری لێکۆڵینەوە و چەندین دانیشتن، تاوانبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، "بۆیە دادگای تاوانەکانی کەرکووک/گەرمیان ، بە پێی مادەی (3)ی تیرۆر بڕیاری پێنج ساڵ و یەک مانگ زیندانی بۆ دەرکردووە".










باسنیوز
Top