عوسمان بانیمارانی: لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی بیروبۆچوونی جیاواز دروست بووە
عوسمان بانیمارانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، ”ئەگەر نیازی خراپیان لە پشتەوە نەبێت، تا کۆنگرەی یەکێتی ئەنجام دەدرێت، سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کۆنگرە سەنگی مەحەکی چارەسەرکردنی گرفتەکانە و گوتی: ”لە دونیاشدا هەر وایە، ئەگەر گرفت ھەیە، دەبرێتە کۆنگرە و لەوێش دەبرێتە دەنگدانەوە".
لەبارەی پشتیوانیکردنی پاڤڵ تاڵەبانی و لاھور جەنگی، بەرپرسانی ئەو گرووپەی یەکێتی کە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام درا و کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ئەو حزبەدا، عوسمان بانیمارانی نەیشاردەوە کە ”لەناو بنەماڵەی تاڵەبانیش بۆچوونی جیاواز هەیە“.
دووپاتیشی کردەوە ”دەکرێت مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی تەواوکەری یەکتر بن، ئەگینا شتێکی دیکە ڕوودەدات“.
بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو گرووپەی یەکێتی کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا، لایەنگرانی گرووپەکە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی، هەوڵیان دا مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە نەداوە.
باسنیوز
