كەركووك.. حەشدی شەعبی ڕۆژانە 250 تانکەر نەوت بەتاڵان دەبات بۆ ئێران

 كەركووك.. حەشدی شەعبی ڕۆژانە 250 تانکەر نەوت بەتاڵان دەبات بۆ ئێران
دوای داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، ئێستا ئەو چەكدارانە نەوتی كەركووك بەتاڵان دەبەن بۆ ئێران.



بەپێی زانیارییەكان چەكدارانی حەشدی شەعبی، لە گێڵگە نەوتەكانی )زەمبوور و بابا( كە دەكەونە سنووری شارەدێی )تازە(ی سەر بە كەركووك، ڕۆژانە بە تانكەر نەوت لەو كێڵگانەوە بەرەو ئێران دەبەن.


لە سنووری شارەدێی تازە، بەرپرسانی ڕێكخراوی (بەدر)ی سەر بە حەشدی شەعبی، بە تانكەر نەوتی ئەو سنوورەیان بەرەو ئێران دەبرد.

كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كەركووك، ڕاگەیاند: "ئێستا ناردنی نەوت لە كێڵگە نەوتەكانی هاڤانا و بای حەسەن ڕاگیرون، پێشتر چەكدارانی تیرۆریستی داعش، بیرە نەوتی ژمارە 121یان لە سنووری كەركووك تەقاندەوە و بەهۆیەوە گڕی گرت، بەڵام دوێنێ سێشەممە 7/11/2017، توانراوە ئەو گڕە بكوژێنرێتەوە".



ئەو بەرپرسەی پارتی لە دێژەدا گوتیشی: "حكوومەتی عێراق ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت، لە كێڵگە نەوتییەكانی زەمبوور و بابا هەناردەی دەرەوە دەكات"



هەروەها عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك- گەرمیان، ڕای گەیاند: "چەكدارانی حەشدی شەعبی ڕۆژانە 250 تانكەر نەوت كە هەر تانكەرێكیان 36 هەزار لیتر دەگرێت، لە كۆمەڵگای نەوتی كەیوانەوە لە سنووری كەركووك، لە ڕێگەی مەرزی باشماخەوە هەناردەی ئێران دەکەن".



ئاشكراشی كرد: "بەشێك لە داهاتی بردنی ئەو نەوتە بۆ ئێران، بۆ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەڕوات كە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورەیان لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، ڕادەستی حەشدی شەعبی كرد".






باسنیوز
Top