لە ڕێگەی گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەغدا ڕێگەیەکی دیکە دژی کورد دەگرێتە بەر
بەپێی بەڵگەنامەیەک، بە بڕیاری سەنا گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتیی زمانی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە سەر بەو گرووپەی یەکێتییە کە لە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەردا بەشدارن، چیتر وانەی کوردی لە تەواوی عێراقدا وەک وانەیەکی بە بەهای خوێندن هەژمار ناکرێت و ئەگەر قوتابییانی عێراقی بخوێنن یان نا، لەو وانەیە بە دەرچوو هەژمار دەکرێن.
لەمبارەیەوە مامۆستا ئەژین فەرحان، مامۆستای وانەی کوردی لە شاری بەغدا، ڕاگەیاند: ”سەنا گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتیی زمانی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، نووسراوی کردووە بۆ پەروەردەی رەسافە، بۆ ئەوەی خوێنی زمانی کوردی بکرێتە (عدم رسوب)، واتە سەرجەم قوتابییان بە دەرچوو هەژمار بکرێن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لایەنی عێراقی بڕیاری ئەو بەرپرسەی گرووپی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتییان قۆستووەتەوە و گشتاندنیان بۆ بڕیارەکە کردووە و چیتر لە سەرجەم پەروەردەکانی عێراق وانەی کوردی ڕێزی لێ ناگیرێت و بە هەند وەرناگیرێت و قوتابییانی عێراقی بە تەواوی پشتگوێی دەخەن.
پێشتر چەند کەسایەتییەکی شۆڤێنیی عێراقی داوای هەڵوەشاندنەوەی بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردییان کردبوو، بۆیە پێشبینی دەکرێت بڕیارەکەی ئەو بەرپرسەی سەر بە گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی، بەشێک بێت لەو پیلانە نهێنییەی کە ئێستا نەیارانی کوردستان لە ڕێگەی گرووپەکەی یەکێتییەوە جێبەجێی دەکەن.
ئەم هەوڵانەی گرووپەکەی یەکێتی دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، هەمان گرووپ، ڕێگەیان بۆ میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسداران، حزبوڵا و هێزەکانی دیکەی عێراق) خۆش کرد، تاوەکوو زیاتر لە نیوەی ڕووبەری باشووری کوردستان داگیر بکەنەوە و خۆشیان وەک چاوساخی ئەو هێزانە تاوەکوو ئێستا لە ناوچەکاندا ماونەتەوە.
دواتریش لە ڕۆژی 18/10/2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.
باسنیوز
