خانەقین.. ھێزێکی تایبەتی حەشدی شەعبی بۆ دەستگیرکردنی کەسایەتییەکانی ئەو شارە دانراوە
جەمیل ئیبراھیم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، ڕایگەیاند: "ھەرچەندە پارتی ھێزی بە چەک و پێداویستی تەواوەوە لە خانەقین ھەبوو، بەڵام دوای ئەوەی زانرا لایەنێک لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕێککەوتنی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پیلانیان دانابوو پارتی بخەنە شەڕەکەوە و لە پشتیشەوە لە ھێزەکەی پارتی بدەن و بیخەنە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیەوە، بۆیە پارتی ھێزەکانی کشانەوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو، کە ھێزێکی تایبەتی حەشدی شەعبی لە خانەقین بۆ دەستگیرکردنی کەسایەتییە دیارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و حزبییەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی پارتین دانراوە، دەشڵێت: "ئەوانەی لە خانەقیندان جا سەر بە ھەر مەزھبێک بن، ھەستی نەتەوایەتییەتان بەھێزبێت، چاوی حەشدی شەعبیان لەسەرە، بۆیە دڵنیانین لە پاراستنی ژیانیان".
پێشتر سەمیر محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاندبوو: "لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە فەرمان کراوە کە جگە لە پۆلیسی ئیتحادی و خۆجێی، ھیچ ھێزێکی دیکە بۆی نییە چەک لە خانەقیندا ھەڵبگرێت، ئێستاش ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە شارەکەدا نییە، بەڵام بە پێویستی دەزانین ئەو ھێزانە بگەڕێنەوە شارەکە، بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ خەڵک".
باسنیوز
