راوێژكارێكی پارێزگاری سەڵاحەدین: چەکدارانی حەشدی شەعبی ماڵەکەمیان تەقاندەوە

 راوێژكارێكی پارێزگاری سەڵاحەدین: چەکدارانی حەشدی شەعبی ماڵەکەمیان تەقاندەوە
ڕاوێژكارێكی پارێزگاری سەڵاحەدین ڕای دەگەیەنێت، چەكدارانی حەشدی شەعبی تاوانكاری گەورەیان لە خورماتوو دژ بە هاووڵاتییان ئەنجام داوە.

قاسم مەجید، ڕاوێژكاری پارێزگاری سەڵاحەدین، لە لێدوانێكیدا ڕای گەیاند: "چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، دەستیان داوەتە سووتاندن و تەقاندنەوەی ماڵی هاووڵاتیانی كورد و ئەو چەكدارانە خانووەكەی خۆشمیان لە خورماتوو تەقاندەوە".

ئەو ڕاوێژکارەی پاریزگاری سەڵاحەدین ڕاشی گەیاند: "مانگی نیسانی ساڵی پاریش كوڕێكمیان لە نزیك ماڵی خۆمان شەهید كرد كە ئەو كوڕەم تازە زانكۆی تەواو كردبوو".

خورماتوو لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە و یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سوپای عێراق، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان كردە سەر كەركووك و خورماتوو و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورەیان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتیی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، كە چەند (كاڵفام)ێكی ناو حزبەكەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی كوردستان جێبەجێ كرد و ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەوییەكانی تری گەلەكەمان دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتیی".

حەشدی شەعبی لە نزیكەی 67 میلیشیای شیعە مەزهەبی عێراق پێك دێت، بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لە لایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە.










باسنيوز
Top