دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاریی 950 خێزانی ئاوارەی خورماتوو دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 7/11/2017، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پارسێلی خۆراکییان گەیاندە خێزانەکانی خورماتوو کە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەوە ژیان و ماڵی خۆیان جێ ھێشتووە و ڕوویان لە شارەدێی ڕزگاری لە کەلار کردووە.
لەم چالاکییەی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا، 950 خێزان پارسێلی خۆراکی وشکیان پێشکەش کرا و لە داھاتوودا ھاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەو خێزانانە درێژەی دەبێت، بەھۆی ئاڵۆزییەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەشێکی زۆری خێزانەکان ماڵ و ژیانی خۆیان جێ ھێشتووە و ڕوویان لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کردووە.
تیمە پزیشکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەشێوەی گەڕۆک بەردەوام چارەسەر و پشکنینی تەندروستی، پێشکەشی ھاونیشتمانیانی کەرکووک و خورماتوو و دەوروبەری دەکەن، ھەروەھا پێداویستییە تەندرووستییەکانیان بۆ پڕ دەکەنەوە.
باسنيوز
