بزانن ئەم تاقمە خیانەتكارەی 16ـی ئۆکتۆبەر کەرکووکیان رادەستی کێ کردووە!
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست (باس) کەوتووە، ئەو فەرماندە سەربازییەی، کە ھەنووکە حکوومەتی تایەفیی بەغدا کردوویەتیە بەرپرسی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک و حاکمی عەسکەری بەسەر ھاووڵاتیانی ناوچەکەدا، لەپای دڵسۆزیی بۆ سەددام و بەعس و ڕژێمەکەی، ھەروەھا ڕۆڵی تاوانکارانەی لە جەنگەکاندا، دوو مەدالیای باڵای شایستەیی (نوگ استحقاق عالی) و سێ دانە مەدالیای ئازایەتی (نوگ الشجاعە)ی لە لایەن خودی سەددام حوسێنەوە پێ بەخشراوە.
مەعەن ئەلسەعدی ئێستا لیوا ڕوکن و ئەوکات عەقید ڕوکن، لەو گرتە ڤیدیۆییەدا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەددام لەگەڵ فەرماندە سەربازییە پلە باڵاکانی سوپا ئەنجامی داوە، یەکێکە لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە.
لیوا مەعەنی دوێنێ فیدایی سەددام و ئەمڕۆ جەللادی عەبادی، لە وتەیەکدا و لەبەردەم سەددام، بە ناوی یەکە سەربازییەکەی خۆی، بەڵێنی دڵسۆزی و بەرفەرمانی و وەفا، بۆ بەعس و سەددام دووپات دەکاتەوە و پەیمانیش دەدات دەستی ھەموو ئەوانە ببڕێت کە دەستدرێژی دەکەنە سەر خاک و ئاسمانی عێراق.
مەعەن ئەلسەعدی کە ئەوکات پلە سەربازییەکەی عەقید ڕوکنە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕاستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنی عێراق پەخش کراوە و ئێستا دەقی ڤیدیۆکەمان لەبەردەستە، لە پەیامێکی وەفاداریدا دەڵێ:
"سەرۆکی فەرماندە، سەددام حوسێن، خوا بتانپارێزێ
سڵاو و بەزەیی خواتان لێ بێت
سەرۆکی فەرماندە، دیداری ئێوە لە ڕۆژێکی وا پیرۆزدا، شەرەفێکی مەزنە بۆ من و خێزان و بنەماڵە و عەشیرەتەکەم. لێرەوە سڵاوی جەنگاوەرانی کەتیبەکەی خۆمت بە سەرباز و ئەفسەرەکانیەوە، پێ ڕادەگەیەنم. ھەروەھا سڵاوی خێزانەکەم و بەتایبەتی سڵاوی باوکمت پێشکەش دەکەم.
سەرۆکی فەرماندە، لە خودای مەزن داواکارین، وەک سیمبول و گەنجینە بۆ عێراقییەکان، بتانپارێزێ و تەمەن درێژتان بکات.
لێرەوە بەناوی خۆم و تەواوی یەکە سەربازییەکەم، بە سەرباز و ئەفسەرەکانییەوە، بەڵێنی وەفا و ڕاستگۆییت پێ دەدەین، دووپاتی دەکەینەوە کەوا بۆ ھەمیشە شمشێری تیژ و بڕەڕی ناو دەستە ڕاستی ئێوە بین، شمشێرێک دەستی ھەر کەسێکی پێ ببڕین، کە بیەوێ پێ بخاتە وڵاتەکەمان و زەوی و ئاسمانی عێراقی مەزن گڵاو بکات.
خوای گەورە پشت و پەناتان بێت، دووبارە سڵاوی پەروەدگارتان لی بێت.
باسنیوز
