پەکەکە و حەشدی شەعبی بە هاوبەشی شنگال بەڕێوە دەبەن
نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پەکەکە و حەشدی شەعبی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و بەڕێوەبردنی دەروازییە سنوورییەکانی ئەو ناوچانە، سێ کەس کە پێش ئێستا لەناو ڕێزەکانی پەکەکەدا بوون، لە دەڤەری شنگال و سنوونی پۆستی کارگێڕیان پێ دراوە. خودێدا جوکی، کە کوردێکی ئێزدییە و پێشتر لەناو ڕیزەکانی پەکەکە بوو، لە لایەن حەشدی شەعبییەوە کراوەتە بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ".
بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ دەڵێ: "شوکری ملحم ئلیاش کە پێشتر پەکەکە بوو، دوای هاتنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە، کراوەتە بەڕێوەبەری ناحیەی گرعەزیز. هاوکات فەهد حامد کە ئەویش هەر سەر بە پەکەکە بوو، بە بڕیاری میلیشیاکان پۆستی قائمقامی شنگالی پێ دراوە. بە گوێرەی زانیارییەکانیش، دوای ئەوەی میلیشیاکان ئەو پۆستانەیان پێ داون، هەرسێ کەسەکە کە تاکو پێش ماوەیەک پەکەکە بوون، هەنووکە وێنەی سەرۆکی پەکەکە و ئاڵای عێراق و حەشدی شەعبییان لەناو و لەسەر باڵەخانەی هەردوو ناحیەکە و قائیمقامیەتی شنگال هەڵواسیوە و پرۆسەی دابەشکردنی پۆستەکان و بەڕێوەبردنیان بە هاوبەشی لە لایەن پەکەکە و حەشد لە سنووری قەزای شنگال بەردەوامە".
لەم بارەیەوە قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال بۆ (باس) گوتی: "ئێستا لەناو شنگال هەموو کارەکان بە هاوبەشی لەنێوان پەکەکە و میلیشیای حەشدی شەعبی بەڕێوە دەبردرێن. وەکوتر بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی ناوچەکە و ڕەزامەندیی دانیشتووانەکەی، تەواوی پۆستە کارگێڕییەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە. زۆربەی ئەو پۆستانەش بەو کەسانە دراون کە پێش هاتنی میلیشیاکان بۆ ناوچەکە سەر بە پەکەکە بوون. ئەم هەنگاوەش ئاماژەی مەترسیدارن بۆ سەر ئاییندەی ناوچەکە و چارەنووسی دانیشتووانەکەی".
شەشۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرەڕای ئەوەی ئیمە داوامان کردووە کە بەبی رەزامەندیی خەڵکی شنگال، ئاڵوگۆڕی ئەو پۆستانە نەکرێ، بەڵام میلیشیاکانی حەشد بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک ئەو ئاڵوگۆڕیانەیان کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی پێشووی ئەو دەزگایانە پێشتر لە لایەن خەڵکی ناوچەکە و ئەنجومەنی شنگال بە شێوەیەکی یاسایی داندراون و تەنیا ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ناوچەکە دەکەن".
لای خۆیشیەوە خەڵەف قاسم، ئەندامی ئەنجومەنی شنگال بە (باس)ی ڕاگەیاند: "میلیشیاکانی حەشد و پەکەکە لە ناوچەی خانەسۆر، لەسەر بەڕێوەبردرنی دەروازەیەکی سنووریی نێوان شنگال و سووریا ڕێککەوتنیان کردووە و بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن. ئەوەی جێی سەرنجیشە، حەشد و پەکەکە هەمان ئەو عەرەبانەیان لەو شوێنانە داناون کە پێشتر دەستیان لە کارەساتەکانی ساڵی ٢٠١٤دا هەیە کە بەسەر شنگالدا هێنایان. ئەمەش دەرفەت بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە بە هاتنی میلیشیاکانی حەشد، جارێکی تر ڕوو بکەنەوە شنگال".
هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شنگال جەختی کردەوە: "بوونی پەکەکە و میلیشیاکانی حەشد لەو ناوچەیە بە هاوکاری و هەماهەنگی بەڕێوەبردنی خاڵی سنووریی خانەسۆر کە دەروازەیەکە بەسەر سووریا، ئاماژەیەکی ترسناک و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دواڕۆژی شنگال. چونکە ئەمە جارێکی دیکە دەرگا کردنەوەیە بە ڕووی ئەو عەرەبە خائینانەی دەستیان لە کارەساتی شنگالدا هەبوو و ئێستا لە سووریان، جارێکی دیکە لەو ڕێگەیەوە بگەڕێنەوە شنگال و ناوچەکە".
خەڵەف قاسم ئاماژەی بەوەش کرد : "ئەو خەڵکەی ئێستا لەناو شنگال ماونەتەوە، گلەیی و گازندەی زۆر لە ڕەفتارەکانی میلیشیاکانی دەکەن، هەروەها لە دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانەی دەستیان لە تراژیدیای شنگال هەبووە، خەڵکەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی کردووە، لەوەی جارێکی دیکە و لەسەر دەستی ئەو تاوانبارانە دووچاری کارەسات و تراژیدیاکانی ڕابردوو ببنەوە".
وەکوتر حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە شنگال گوتی: "ڕەفتارەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تەواوی خەڵکی شنگال و ناوچەکەیان هەراسان و نیگەران کردووە. ئەوان ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان هەموو شت و کاروبارێکی ناوچەکە بخەنە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆیان، بەڵام ئێمە بە هیچ جۆرێک مل بۆ فشارەکانیان نادەین. ئەگەر میلیشیاکانی حەشد بەوە ڕازی نەبن کە وەک هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال بمێنینەوە، ئەوا بەرگری دەکەین و هەرگیز ناچینە ژێر باری پێشمەرج و بڕیار و ڕێنماییەکانیان".
بە قسەی چەند شایەدێکی بەچاودیدە، ئێستا ئاڵاکانی حەشدی شەعبی و عێراق و پەکەکە لە زۆر لە شوێنە گشتییەکانی شنگال و دەوروبەریدا هەڵکراون و وێنەی ئەو ئاڵایانەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە.
هەر پێوەند بەم پرسە، لە لێدوانێکیدا بۆ (باس)، قەوال بەهزاد سلێمان سڤۆ، ئەندامی جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدی، ئاماژە بەوە دەکات کە یاداشتێکی ناڕەزایەتیان لەسەر هاتنی حەشدی شەعبی بۆ دەڤەری ئێزدیان ئامادە کردووە و تیایدا داوا دەکەن: "هەرچی گرووپێکی حەشدی شەعبی لە ناوچەکەیاندا هەن، ئێزدی بن یان مەسیحی، یاخود هەر گرووپێکی دیکەی سەر بەو میلیشیایانە، لە دەڤەرەکانی ئێمە نەمێنن. چونکە بوونی ئەو گرووپانە لەو دەڤەرانە نەک هەر هیچ خێریکی بۆ ئێزدییەکان نییە، بەڵکوو ئێزدییەکان تووشی کارەسات و تراژیدیایەکی دیکەی گەورە دەکەن".
ئەندامەکەی جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدیان هەروەها دەڵێ: "خەڵکی ئێمە بە گشتی و ئەوانەی باشیک و بەخزانی بەتایبەتی، زۆر لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی حەشدی شەعبی نیگەران و ناڕازین. چونکە چەندین خاڵی پشکنینیان لەو ناوچەیە داناوە و خەڵکی هەراسان دەکەن. هاوکات بوونەتە هۆکاری نانەوەی پشیوی و ئاڵۆزی دروستکردن، بۆ ئەمەش لە زووترین کاتدا ئەو یاداشتی ناڕەزاییە بڵاو دەکەینەوە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەین، بۆ ئەوەی ڕێگا بە حەشدی شەعبی و هیچ گرووپێکی دیکەی سەر بەم میلیشیایە نەدرێت، لە ناوچەکانی ئێزدی نشین بمێننەوە".
باسنیوز
