وەک کەرکووک، سیاسەتی عەرەباندن لە دیالەش پێڕۆ دەکرێ
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەعدیە (عامر رەفعەت) بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کورستانی راگەیاند "حەشدی شەعبی ئەو سیاسەتەی لە کەرکووک بۆ تەعریبکردن دەستی پێکردووە، بەھەمان شێوە لە سنووری خانەقینیش دەیکات و دەستی کردووە بە گێڕانەوەی ئەوعەرەبە مەترسیدارانەی لە ناوچەکە نەمابوون."
(عامر رەفعەت) گوتیشی، "حەشدی شەعبی خەڵکێکیان گەڕاندوونەتەوە بۆ سنوورەکە، کە کاتی خۆی رژێمی بەعس ھێنابوونی بۆ ناوچە کوردستانییەکان و تەعریبی کردبوون، دواتر ئەمانە ھەندێکیان چوونە ناو قاعیدە و دواتریش بۆ ناو داعش و ئێستایش جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە و ھەڕەشە لە خەڵک دەکەن و ماڵان تاڵان دەکەن و کردەوەی خراپ ئەنجام دەدەن"، زانیارییشی دا "ئەوان تاوانبارن و بەشێکیان لەلایەن دادگاوە داواکراون."
ئەو بەرپرسەی پارتی لەو سنوورە ئاشکرایشی کرد، "ئەمانە لیستێکیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی ھەرکاتێک گەڕانەوە بۆ سەرماڵوحاڵی خۆیان، دەستگیریان بکەن و تۆڵەیان لێ بکەنەوە، بۆیە ئەمانە مەترسیدارن."
وەک ئەو گوتی، حەشدی شەعبی تەواو دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و بە ویستی خۆیان بەرپرسە ئیدارییەکانیان گۆڕیون و "ئێستا ئەوان پارێزگای دیالە و قایمقامیەتی خانەقین و کەلار و ناوچەکانی دیکە بەڕێو دەبەن و فەرمان لە ئەوانەوە دەردەچێت"، جەختیش دەکاتەوە، کە ھەمان سیاسەتی عەرەباندنی کەرکووک و دوزخورماتوو لە سنووری دیالەش جێبەجێ دەکرێت
kdp-
