نوێنەرێکی مەسیحییەکان: لە چنگ حەشدی شەعبی نەمانپارێزن، بەکۆمەڵ کۆچ دەکەین
(وەحیدە یاقۆ ھورمز) نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دۆخی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا زۆر خراپە، جارێک لە سەردەستی داعش ئاوارە بوون، ئێستایش لە سەردەستی حەشدی شەعبی ئاوارە بوون".
حەشدی شەعبی ھەڕەمەکی مەسیحییەکانی لە تلسقۆف بۆردوومان کردووە، وەک نوێنەری مەسیحییەکان ئاماژەی دا، بە هۆی ئەو بۆردومانانەوە تەنیا ھەندێک پیاویان لەوێ ماون، ئەوەی دیکە ھەموو ئاوارەی ھەرێم بوونەتەوە و دۆخیان زۆر خراپە و منداڵەکانیشیان لە خوێندن دابراون، "ناوێرن لە ژێر دەستی حەشدی شەعبیدا ژیان بکەن".
ئەو ئاوارە مەسیحییانەی کە لە ترسی داعش هاتبوونە هەرێم و دوای نەمانیان گەڕانەوە شوێنی خۆیان بۆ دەشتی نەینەوا، بە تایبەت تلسقۆف، (هورمز) لەبارەیانەوە گوتی: "خەڵکێکی زۆر گەڕابوونەوە بۆ تلسقۆف، ئەویش لەبەر ئەوەی پێشمەرگە ئەوانی دەپاراست و دۆخیان زۆر ئارام بوو، بەڵام کە حەشدی شەعبی ھاتووە بۆ ناوچەکە دوای رووداوەکانی کەرکووک، جارێکی دیکە ئاوارە بوونەوە، چونکە حەشدی شەعبی زۆر لە داعش مەترسیدارترە."
سەبارەت ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و داواکاریی ئەوان بۆ پاراستنی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، ئەو نوێنەرەی مەسیحییەکان ئاشکرای دەکات، کە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، لە دەستی حەشدی شەعبی بپارێزرێن، یاخود رێگەیان پێبدەن کۆچی بەکۆمەڵ بۆ دەرەوەی وڵات بکەن، لەبەر ئەوەی ناتوانن لە ژێردەستی حەشدی شەعبی بژیێن، چونکە ژیانیان پارێزراو نابێت، بۆیە ئێستا ئەمەریکا و فەرەنسا ھاتوونەتە سەر خەت و رەنگە دۆخەکە چارەسەر بکرێت.
kdp-
