ئاکادیمیێک: ساڵی دابێ، ئەمەریکا سیاسەتی ڕاگرتنی هاوسەنگی پێڕۆ دەکات

 	 ئاکادیمیێک: ساڵی دابێ، ئەمەریکا سیاسەتی ڕاگرتنی هاوسەنگی پێڕۆ دەکات
شارەزایەکی پێوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان، سەرباری ئەوەی گۆڕانکارییەکان بە ڕێککەوتنی نهێنی نێوان ئەمەریکا و ئێران ناو دەبات، باوەڕیشی وایە، ساڵی دابێ، ستراتیژی (دۆناڵد ترامپ) بۆ سنوورداركردنی دەستتێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە شێوەیەكی كرداری دەست پێدەكات و بە قازانجی عەرەب لە ناوچەكەدا دەیشکێنێتەوە.

ئەمەریکا لەمپەرەکانی بەردەم ئێرانی نەهێشتووە
لە ١٦ـی ئۆکتۆبەردا، سوپای عێراق ‌و حەشدی شەعبی بە هاوكاری ‌و پشتیوانیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە سوپای عێراق بەبێ شەڕ ڕادەستی داعشی کردبوون و، دواتر هێزی پێشمەرگە بە قوربانیی زۆر ئازادی کردنەوە، بۆ سەرخستنی پلانی ئەم هێرشە، چەند کەسێکی لایەنێکی کوردستانی، ڕێیان بۆ خۆش کردبوون کە دواتر لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حزبەکوردستانییەکانی باشووری کوردستانەوە بە خیانەت ناو برا.
ئەمەریكا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ پڕۆسەی "ئازادکردنی عێراق"ـی بەرپا کرد و هێشتا هەژموونی بەسەر شێوازی فەرمانڕانی لەم وڵاتەدا هەیە، لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەی حەشدی‌شەعبیدا بێدەنگی هەڵبژارد، (ئاسۆ قەرەداخی) ئەو بێدەنگییەی ئەمەریکا بۆ پەیوەندییە نهێنییەكانی ئەو دوو وڵاتە دەگێڕێتەوە و باوەڕی وایە: "پەیوەندیی نێهنی ئێران و ئەمەریکا لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیات نراوە".

(ئاسۆ قەرەداخی) کە ماستەری لە پێوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكاندا هەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێچەوانەی بۆچوونە باوەکان گوتی: "ڕووداوەكانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو و هەموو ئاماژەكانی ئێستایش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، كە ئەمەریكا و ئێران دۆستایەتییەكی باش لە نێوانیاندا هەیە و باشترین پارێزەری بەرژەوەندییەكانی یەكترن لە ناوچەكەدا، ئەمەریكا بۆ بەهێزكردنی هاوپەیمانە نهێنیەكەی لە ناوچەكەدا، زۆر هەنگاوی جیددی و كرداریی ناوە، تاوەکو هەرچی كۆسپ و ڕێگرییەكانی بەردەم فراوانبوونی هەژموون و دەستەڵاتی ئێرانە، لابدات."

ناوبراو نموونە بە لادانی ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان و بەعس لە عێراق، كە دوژمنی سەرسەختی ئێران بوون و ڕێگر بوون لە بەردەم گەورەبوونی ئێراندا، ئەمریكا ڕووداوەكانی ١١ـی سێپتامبەری كردە بیانوو و، هەردوو ڕژێمی بە هێرشی سەربازی لەناو بردن، "عێراقی بە حازری تەسلیمی ئێران و شیعە كرد، تەنانەت ئەمەریكا بۆ پاراستی شاری بەغدا لە هێرشەكانی داعش، كەڵكی لە هێز و گرووپە چەكدارەكانی ئێران وەرگرت."
kdp-
Top