میلیشیاکان مانەوەی گرووپێکی یەکێتی لە کەرکووک بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان بەکار دێنن
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق سەرجەم پۆستە ئەمنییەکانی کەرکووکی لە پێکهاتەی کورد وەرگرتووەتەوە و تەنانەت بەڕێوەبەرە کوردەکانی قوتابخانەکانیشیان لە پۆستەکانیان لاداوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستا ڕاکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت داوای لە بەغدا کردووە، هێزی زیاتر ڕەوانەی کەرکووک بکەن لە کاتێکدا هەزاران چەکداری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک دان.
گوتیشی: ”لە سایەی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر کە گرووپێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردی و کەرکووکی ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کرد، لەبەرچاوی هەموو لایەکەوە دیمۆگرافیای کەرکووک دەگۆڕدرێت، دووریش نیە لە ئایندەدا زمانی کوردی لەو شارە قەدەغە بکرێت“.
لەلایەن خۆیەوە سەعد خالد، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان،رايگەیاند، ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە عێراق بەناوی دەستوور بانگەشەی بۆ دەکات، ”درۆیەکی بێ بنەمایە و عێراق باوەڕی بە دەستوور نییە“. بەپێویستیشی زانی هیچ هێزێکی سیاسی چاوەڕێی ئەوە نەکات لە عێراقدا هەنگاو بە ئاراستەی ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ کورد بنرێت.
سەعد خالید ئەوەی نەشاردەوە کە هێزێکی کوردستان بە ئاشکرا لە کەرکووک بانگەشە بۆ ئارامیی کەرکووک دەکات، گوتیشی: ”خۆزگە ئەو لایەنە بیتوانیایە کەرکووک بپارێزێت، بەڵام ئەوەی لە کەرکوک دەکرێت، حکوومەت شۆڤێنییانە سوودی وەرگرتووە لە مانەوەی لایەنێکی کوردستان لەشارەکە، ئەگەر ئەو لایەنە لەو شارە نەبووایە، ئێستا سەرجەم حزبەکان قسەیەکی دیکەیان لەسەر رەوشی کەرکووک دەکرد“.
لەلایەن خۆیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: ”ڕەوشی کەرکووک زۆر خراپە، تورکمان و عەرەبەکان لە ھەوڵی کەم کردنەوەی پێکھاتەی کوردن، ناکرێت ھێزێک لە دەرەوەی ھێزە سیاسییەکان لەو شارە بێت، ئەمە داھاتووی شارەکە دەخاتە مەترسییەوە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، کەرکووک بۆ دۆخی جارانی ناگەڕێتەوە".
باسنیوز
