لە خورماتوو چەکدارانی حەشدی شەعبی دوکانی کەمئەندامێک دەسوتێنن

لە خورماتوو چەکدارانی حەشدی شەعبی دوکانی کەمئەندامێک دەسوتێنن
دوای داگیرکردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، دەستیان بە سووتاندن، بەتاڵانبردنی خانوو و دوکانی دەیان ھاووڵاتی کورد کردووە.

میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تەنانەت دەستیان لە دوکان و ماڵی کەمئەندامانیش نەپاراستووە و دوکانی ھاووڵاتییەکیان سوتاندووە کە کەمئەندامە و جگە لە دوکانداری توانای ھیچ کارێکی دیکەی نییە.

بێستون بەرزنجی، گەنجێکی کەمئەندامە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "تاوانەکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بەردەوامە و ھەستاون بە سوتاندنی دوکانەکەم".

پێشتر کاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕای گەیاندبوو: "چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو زیانیان گەیاندووەتە زیاتر لە ھەزار ماڵ و دوکانی ھاووڵاتییانی خورماتوو".

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بە چاوساخی گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بە سەرپەرشتی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران، ھێرشیان کردە سەر کەرکووک و خورماتوو ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتیی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون.









باسنیوز
Top