فایلی ھەواڵگریی عەتا سەراوی لەگەڵ بەعسدا ئاشکرا دەبێت
لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا، داوا دەکرێت بڕی (400 دیناری عێراقی) بۆ (زەکی سەعید) خەرج بکرێت بە مەبەستی چوون بۆ سلێمانی و ڕێکخستنی کارەکانیان کە عەتا سەراوی، فەرماندەی سەربازیی ئێستای یەکێتییان لەگەڵدا بووە.
ھەر لەو بەڵگەنامەیەدا، لە پەراوێزدا کە بەرپرسێک ئیمزای لەسەر کردووە، داوا لە بەڕێوەبەری دەزگاکە دەکات ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازەکە دەرببڕێت و ئەو بڕە پارەیەش بۆ (زەکی سەعید) خەرج بکرێت بۆ ئەوەی (عەتا فەتاح مەحمود/ عەتا سەراوی) کە یەکێکە لەسەرکردەکانی حزبی سۆسیالیست، لەگەڵ خۆیدا بھێنێت.
لە بەڵگەنامەکەی تردا باس لە چالاکییەکی ھەواڵگری لە ناو شاری سلێمانی دەکرێت کە گرووپەکەی (عەتا سەراوی) لە ساڵی ١٩٩٤ دژ بە بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامیان داوە و لەبەرامبەردا (٣٠٠٠) دۆلاری ئەمریکیان وەرگرتووە.
عەتا سەراوی، کە پێشتر لە حزبی سۆسیالیستدا سەرکردە بووە، دوای ئەوەی دەچێتە ناو ڕیزەکانی یەکێتییەوە، دەبێتە یەکێک لە سەرکردە دیارەکان.
بەپێی زانیارییەکان، عەتا سەراوی، یەکێکە لەو سەرکردانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نزیکە و پەیوەندی توندوڵی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا ھەیە.
ھاوکات، لە خیانەتەکەی ١٦ی ئەکتۆبەر کە تێیدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەھاوکاری سوپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنانی ھێرشیان کردە سەر کەرکووک، عەتا سەراوی لەگەڵ ئەو باڵەی نێو یەکێتیدا بووە، کە بوونە ھۆی داگیرکردنی کەرکووک و دەستی باڵای ھەبووە لە کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە، بۆیە لەڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، ڕۆڵی خۆی بینیوە
باسنیوز
